جەژن لەوێ دەکەین
بە پێخەفەوە بەرەو نوگرە سەلمان دەڕۆن
میلاد جەلال – گەرمیان
ژمارەیەک لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان، بەرێگاوەن و بەرەز زیندانی نوگرە سەلمان دەڕۆن، دەڵێن ئەم جەژنە لەناو ئێسک و پروسکی کەسوکارە ئەنفالکراوەکانمان دەکەین.
پاسێکیان گرتووە، پرە لە پێخەف لە رێگەی بەغدا بۆ سەماوە قسەیان بۆ 964 کرد، بەنیازن ئەمشەوی عارەفە لەوێ بمێننەوە و سبەی لە زیندانەکە جەژن بکەن.
عەتا ئیبراهیم، رزگاربووی زیندانی نوگرەسەلمان لە رێگای چوون بۆ شوێنی مەبەستیان قسەی بۆ 964 کردو وتی، یەکێکم لەوانەی لە شاڵاوی ئەنفالی 1987 لە ناوچەی قۆرەتووی گەرمیان ئەنفالکراین، دواتر راگواستراین بۆ زیندانی نوگرە سەلمان و جەژنی قوربان لەوێ بووین، ئێستا بەیادی ئەوکات بەرەو ئەوێ دەچین.
عەتا، خوشک و ئامۆزایەکی لەو زیندانە بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە، ئەو دەڵێت لە بنەماڵەکەمان حەوت کەسمان ئەنفالە، ئەمڕۆش دەچین لەگەڵ ئیسک و پروسکەکان جەژن بکەین، ئەو داوای کرد، کەسوکاری دیکەی ئەنفالکراوان چاویان لێ بکەن و بچن سەردانی گۆڕی کەسوکاریان بکەن، کە تائێستاش لە دەوروبەری زیندانەکە لە گۆڕی بەکۆمەڵ یان شوێن بزری ناوچەکەدان.
ئەو رزگاربووەی ئەنفال وتی، 37 ساڵە جەژنمان لەناو کەسوکارەکانمان نەکردووە، داوا دەکەین بەرپرسانی، لە وەزیران و ئەندام پەڕلەمانان بە خەممانەوە بن و بە بایەخەوە کەیسی ئەنفالکراوان ببینن.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا