سەدا 71 کارمان بۆ دەستپێکردنەوە تەواو کردووە

هێڵی عێراقییە: تاکە هێڵ نین قەدەغەی گەشتی ئەوروپامان لەسەربێ


ئەحمەد مستەفا

هێڵی ئاسمانی عێراقی دەڵێ، ئەوان تەنیا هێڵ نین کە قەدەغەی گەشتیان لەسەر بێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا، هەروەک دان بەوەدا دەنێ، شکاندنی ئەو قەدەغەیە پێویستی بە هەندێک کار هەیە، کە لەدەورەوەی دەسەڵاتی ئەوانە.

پەڕلەمانتارێکی لیژنەی پەیوەندییە ئەمڕۆ ئاماژەی بەوەکرد، پەڕلەمانی ئەوروپا بەهۆی کوالێتی فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقییە و جۆری خزمەتگوزارییەکان کە سەلامەت نییە، قەدەغەی گەشتی ئەو هێڵەی بۆ وڵاتان ئەورپا درێژ کردووەتەوە.

بەرێوەبەرایەتی هێڵی ئاسمانی عێراقیە لە بڵاوکراوەیەکدا روونکردنەوەی لەسەر ئەو قسانە داوە و دەڵێت، عێراق لە ساڵی 2015 وە لە لیستی قەدەغەکردنی ئەوروپا دایە، ئەم لیستە هەموو هێڵە ئاسمانییەکان دەگرێتەوە کە لە عێراق تۆمارکراون، نەک تەنیا هێڵی ئاسمانی عێراقی.

هێڵەکە دەڵێ، بە پاڵپشتی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران و وەزیری گواستنەوە، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ وەرگرتنی رەزامەندی و دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق بۆ ئاسمانی ئەوروپا، ئەوەش لە رێگەی بەرنامەیەکی گشتگیرەوە بۆ مۆدێرنەکردنی پرۆسەکانی کارکردن بەپێی ستاندارد و پێداویستییەکانی دەزگای سەلامەتی فڕۆکەوانی یەکێتی ئەوروپا (EASA).

لەبارەی بڕیاری هەڵگرتنی قەدەغەی لایەنی ئەوروپا، هێڵەکە دەڵێت، پێویستی بە چەند هۆکارێک هەیە کە هەندێکیان دەچنە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی کۆمپانیاکە و لایەنی دیکە لە چوارچێوەی پێکهاتەی کەرتی فڕۆکەوانی لە عێراقدا تێوەگلاون، وە کۆمپانیاکە دەستیکردووە بە پڕۆژەیەکی گرنگی هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی نێودەوڵەتی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA) بە ئامانجی بەدەستهێنانی بڕوانامەی IOSA، کە هەنگاوێکی سەرەکییە بەرەو شایستەبوون بۆ بڕوانامەی بەڕێوەبەری لایەنی سێیەم (TCO).

تا ئێستا کۆمپانیاکە زیاتر لە 71%ی پێداویستییەکانی بڕوانامەی IOSAی تەواو کردووە، هێڵی ئاسمانی عێراقییە دەشڵێت، راگەیاندنی فەرمی کۆمپانیاکە لە ماوەی داهاتوودا وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و بەڵگەداری دەبێت بۆ هەموو هەوڵەکان بۆ تێکدانی ئەم هەوڵە نیشتمانییانەی دەدرێن.

هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە ساڵی 1945 دامەزراوە، بەڵام چەندجارێک بەهۆی کەمتەرخەمی و ناڕێکی خشتەی کارکردن، گەشتەکانی راگیراوە، یان گەشتیاران گلەییان هەبووە لە کوالێتی فڕۆکەکان و جۆری خزمەتگوزاری.