"چاوم لە ماڵی کەس نییە"
ژینگەپارێزان شەو و رۆژ کاردەکەن و پارەی حەرامیش ناخۆن
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ئەو سێ ژینگەپارێزەی بڕی دوو ملیۆن دیناری عێراقی و 1500 دۆلاری ئەمریکیان گەڕاندەوە بۆ خاوەنەکەی، قسە بۆ 964 دەکەن و وەک خۆیان دەڵێن، چاویان لە ماڵی کەس نییە و پارەی حەرامیان بۆ ناخورێ.
بە گسکەکەى دەستى ژینگەى پاراست و وانەیەکى مرۆڤانەى وتەوە
دوێنێ سێشەممە 3.6.2025 خێزانیك بەمەبەستی نانخواردن و کات بەسەربردن چوونە پاركی سامی عەبدولرحمان لە هەولێر، دوای نان خواردن، بەهەڵە جزدانی پارەکەشیان لەگەڵ پاشماوەکانیان فڕێداوەتە ناو تەنەکەی خۆڵەکە، دواتر لەلایەن سێ ژینگەپارێزی بەویژدانەوە دۆزرایەوە و بۆیان گەڕێندرایەوە.
دارا محەمەد یەکێک لەو ژینگەپارێزانە بە 964ـی وت، “پارک جێگایەکی زۆر ئەمینە و هیچ شتێک لای ئەوان ون نابێت”.
دلۆڤان خالیدیش هاوڵاتیانی بەکەمتەرخەم زانی و وتی، زۆر جار لەگەڵ زبڵەکانیان شتی گرانبەها و تەنانەت جلی منداڵەکانیشیان فڕێدەدەن.
دانیار عباس یەکێکی تر لەو ژینگەپارێزە خوێن گەرمانە وتی، “چاوم لە ماڵی کەس نییە و پێشتریش چەند جارێک مۆبایل و شتی دیکەم بۆ خاوەنەکانیان گەڕاندووەتەوە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری