ژنێک توندوتیژی بەرامبەر پیاوێک دەکات _ وێنە: گۆگڵ
هۆكارەكەی چییە؟
“توندوتیژی بەرامبەر پیاوان لە لایەن ژنانەوە زۆر زیادی كردووە”
964+
محەمەد فاتیح
یەكێتیی پیاوانی كوردستان دەڵێت، حاڵەتەكانی توندوتیژی خێزانی و كێشە كۆمەڵایەتییەكان و جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان بەرزبوونەتەوە، بە تایبەتی بەرامبەر پیاوان، هۆكارەكەشی بۆ كێشەی دارایی و ئابووری دەگەڕێننەوە.
بورهان عەلی سەرۆكی یەكێتیی پیاوانی كوردستان ئامارەكانی خستە بەردەست 964 و دەڵێت، “لیژنەكانمان لە هەرێمی كوردستان 194 سكاڵای جۆراوجۆریان بەدەست گەیشتووە سەبارەت بە توندوتیژی ژنان دژ بە پیاوان، هەروەها 23 حاڵەتی خۆكوژی لە ناو پیاواندا تۆماركراوە و پێنج پیاویش لەلایەن ژن یان كەسوكاری ژن یان لەلایەن منداڵەكانیانەوە كوژراون”.
وتيشى، “ئاماری توتدوتیژی دژ بە پیاوان بۆ ئەمساڵ 2025 بەرزبووەتەوە، لە چاو ساڵانی رابردوودا، ئەمەش بە هۆكاری ئابووری، كە راستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر كێشە كۆمەڵایەتییەكان، هەروەها لە ساڵی 2014وە هەرێمی كوردستان بە قەیرانی دارایی و ئابووری و بێ موچەیی تێدەپەڕێت”.
دەشڵێت، “تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هۆكارێكی تری كێشە كۆمەڵایەتییەكانن، بەهۆی خراپ بەكارهێنانیانەوە، كه بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی كێشەكانی كۆمەڵگە، هەروەها رێژەی دەستوەردانی كەسوكاری ژن و پیاو لە ژیانی هاوسەرەكاندا زیادی كردووە”.
“ئاماری جیابوونەوە لە ساڵی 2010 تا 2024 گەیشتووەتە 115 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە هەرێمی كوردستان، كە 300 هەزار منداڵیان لەنێواندایە و ئەو منداڵانەش بە هەمان شێوە دەبن بە بەشێك لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان”.