روونکراوەتەوە

چەند بڕیارێکى گرنگ لە وەزارەتى داراییەوە؛ لێبڕینی خانەنشینان چۆن دەبێت؟

964+

وریا فەتاح

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گشتاندنێکی نوێدا بە ژمارە (4)ی ساڵی 2025، وردەکارییەکانی تایبەت بە لێبڕینی خانەنشینی بۆ کارمەندان و خانەنشینانی هەرێم ئاشکرا کرد. گشتاندنەکە پشتئەستوورە بە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٤ و چەند نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیران.

بەگوێرەی گشتاندنەکە کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە، دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (259) لە (3.7.2024) سەبارەت بە جێگیرکردنی لێبڕینی خانەنشینی (التوقيفات التقاعدية) بە رێژەی (10%) بڕیار دراوە بە لێبڕینی ئەم رێژەیە لەسەر فەرمانبەران و ئەو خانەنشینانەی یاساکە دەیانگرێتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوە:

1.  یەکەم: لێبڕینی ڕێژەی (3%) لە مووچەی فەرمانبەران لە رێکەوتی (1.1.2024) تاکو (30.6.2024)

2.  دووەم: لێبڕینی رێژەی (3%) لە مووچەی (فەرمانبەرێتی)ی خانەنشینان، ئەوانەی کە ئێستا خانەنشینن و یاساکە دەیانگرێتەوە، لە رێکەوتی (1.1.2024) تا رێکەوتی دەستلەکارهەڵگرتن و هەواڵەکردنیان بۆ خانەنشینی.

3.  سێیەم: بڕی پارەی کەڵەکەبووی سەر فەرمانبەران و خانەنشینان وەک قەرز تۆمار دەکرێت لە ئەستۆی فەرمانبەران و خانەنشینان.

4.  چوارەم: قەرزی ئاماژەپێکراو لە خاڵی (سێیەم) لە ماوەی (3) سێ ساڵ بۆ فەرمانبەران و ماوەی (5) پێنج ساڵ بۆ خانەنشینان یەکلایی بکرێتەوە.

5.  پێنجەم: ئەم لێبڕینە لە ڕێکەوتی (1.6.2025) دەستپێدەکات تاکو قەرزەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

روونکردنەوە و نموونە:
ئەگەر فەرمانبەرێک لە ساڵی 2014 مووچەی بنەڕەتییەکەی 509  هەزار دینار بووبێت، ئەوا لێبڕینەکە بەم شێوەیە دەبێت:
509,000 * 3% = 15,270 (پازدە هەزار و دووسەد و حەفتا دینار).هەمان فەرمانبەر ئەگەر لە ساڵی 2015 مووچە بنەڕەتییەکەی بووبێتە 519 هەزار دینار، ئەوا لێبڕینەکە بەم شێوەیە دەبێت:
519,000 * 3% = 15,570 (پازدە هەزار و پێنجسەد و حەفتا دینار).بۆ ساڵەکانی تریش بە هەمان شێوە ئەم لێبڕینە بۆ سەرجەم فەرمانبەران دەکرێت.

بۆ فەرمانبەران: سەرجەم لێبڕینەکان کۆدەکرێتەوە و دابەشی (36) مانگ دەکرێت، ئەو بڕەی دەردەچێت مانگانە لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕدرێت تا قەرزەکە یەکلایی دەکرێتەوە.
بۆ خانەنشینان: لێبڕینەکان کۆدەکرێتەوە و دابەشی (60) مانگ دەکرێت، ئەو بڕەی دەردەچێت مانگانە لە مووچەی خانەنشینان دەبڕدرێت تا قەرزەکە یەکلایی دەکرێتەوە.