لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەردەوامە
لە گاپیڵۆن 30 دۆنم پووش سووتان و لە پێنجوێنیش دوو هاوڵاتی دەسگیركران
964+
محەمەد فاتیح
لە پێناو پاراستن و پارێزگاریکردن له دارستان و ژینگەی كوردستان مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى دارستان، دوو هاووڵاتيان لە سنورى پێنجوێن دەستگیرکرد و ئاگرێكیشیان لە گاپیڵۆن كوژاندەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە بەهۆکارێکی نادیار ئاگرێک لە سنوری ناحیەی گاپیڵۆن گوندی (کۆلەرد )کەوتەوە و دەست بەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان وژینگەی گاپیڵۆن سەر بە بەشى ماوەت گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و توانیان ئاگرەکە لەماوەیەکى کەمدا کۆنترۆل بکەن.
وتيشى، ” بە هۆی ئاگرەكەوە 30 دۆنم پووش و پاوان و 15 دارى سروشتى سووتاون و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوە کە”.
دەشڵێت، ” مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى دارستانى پێنجوێن دەرچونێکیان ئەنجامدا بۆ سنورى پێنجوێن و لە ئەنجامدا توانیان دوو هاووڵاتى دەستگیربکەن بەتۆمەتى بیرلێدان و توانرا دەست بەسەر یەک ئامێری بیرهەڵکەندن لەجۆری بەرینە بگیرێت لەگەڵ 20 بۆری دا و پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوە و رادەستی دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی”.