ئەڵمانیا گۆڕانکاری لە سیاسەتی کۆچبەران كردووه
ژمارەی پەنابەران لە جاران زیاترن بهڵام هاتنیان لە کەمبوونەوەدایە
فهرهاد حهسهن
دەزگای لوتکە دهڵێت، ئێستا پەنابەران لە وڵاتى ئەڵمانیا ژمارهیان زیاتره لە جاران و بهپَی ئامارێكی فهرمى حكومهت لە کۆتایی ساڵی 2024 نزیکەی سێ ملیۆن و 450 ههزار بیانی وەک پەنابەر لهو تۆمارکراون.
بە پێی ئهو ئامارانه كه دەست دەزگای لوتکە كهوتووه، لە ساڵی 2024 دا ژمارەی هاتنی پەناخوازە نوێیەکان بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو بە شێوەیەکی بەرچاو کەمتر بووە، تهنانهت تاوهكو شەوی سەری ساڵی 2024 ژمارەی پەنابەران لە ئەڵمانیا بە بەراورد بە ساڵی پێشوو گەیشتبووە نزیکەی 124 هەزار کەس، لە ساڵی 2023دا ژمارەی پەنابەرانی تۆمارکراو 270 هەزار کەس زیادیکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە ساڵێکدا کە رووسیا شەڕی دژی ئۆکرانیا دەستپێکردووە، یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس هاتوونهته ئهڵمانیا.
دۆخی پەنابەران لە ئەڵمانیا لە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی هاوپەیمانی دەسەڵاتداران گۆڕانکاری بەرچاوی بەسەردا دێت، ئەلێکساندەر دۆبریندت وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا پلانی گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی کۆچبەراندا دادەڕێژێت و هیوادارە لانیکەم بۆ ماوەی دوو ساڵ یەکگرتنەوەی خێزانەکان بۆ ئەو پەنابەرانە رابگرێت کە پارێزگاری لاوەکییان هەیە.
وهزیرهكهى ئهڵمانیا دهڵێت “دەمەوێت ئەمە بە زووترین کات بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێش ئهوهى پشووی هاوینە بێت، بۆ ئەوەی بتوانین پەیامێکی روون بنێرین، کە سیاسەتی کۆچبەری ئەڵمانیا گۆڕاوە”.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە، تاوهكو ئێستا ئەڵمانیا مانگانە ههزار ئەندامی خێزانی ئەو پەنابەرانە وەردەگرێت کە هیچ زەمینەیەکی مافی پەنابەرییان نییە.