هەولێر
كارەبا ژیانی لە گەنجێكی كاسبكار سەندەوە
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
گەنجێك لە ناحیەی دارەتووی نزیک هەولێر، لە كاتی دابینكردنی ئاو بۆ دوكانی وەستاكەی، كارەبای سەر تانكی دوكانەكە گرتی و بە هۆیەوە گیانی لەدەست دا.
فەرمان ئیدریس دراوسێی ماڵی ئەو گەنجەیە و بۆ 964وتی، ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوەكە روویدا، گەنجەكە تەمەنی 16 ساڵە بە ناوی (ئ، ف) ماڵیان لە گەڕەكی ژینی دارەتووە، بەهۆی كارەباوە گیانی لەدەست دا.
فەرمان وردەكارییەكە باس دەكات، “گەنجەكە كاری فرۆشتنی مریشكی كردووە، دوكانەكە ئاوی بۆ هاتووە، ئیتر كوڕە چووەتە سەربان لە جیاتی خاوەن دوكان تانكییەكەیان پڕ ئاو بكات، لەم كاتەدا كارەبا لێی داوە و كوشتوویەتی”.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا، تەرمی گەنجەكە براوەتە پزیشكی دادی و دواتر رادەستی كەسوكارەكەی كراوەتەوە، كە خێزانێكی هەژار و كاسبكارن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا