مەلیک تاجى سەرکەوتنى لەسەرناوە

لە رۆژى جیهانى منداڵاندا پڕ بە گەرووى هاوار دەکات

دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

ئەمڕۆ رۆژى خۆیانە (رۆژى جیهانى منداڵان)، بەڵام مەلیک عادلى تەمەن نۆ ساڵ، دواى دوو رۆژ لە وەرگرتنەوەى بڕوانامەکەى بەسەرکەوتوویى، هاتووە بۆ بازاڕ و لە دوکانەکەیان یارمەتى باوکى دەدات و هاوار دەکات کشمیر دوو مەتر بە سێ هەزار.

کاتێک لە ناوەڕاستى شەقامەکە هاوارى کەوا و سەڵتەى دەکرد، پەیامنێرى 964 مایکەکەى خستە بەردەم مەلیک عادلى تەمەن نۆ ساڵان و لێى پرسى چیدەکەیت؟، مەلیک وتى،” هاوار دەکەم، ئیشى من هاوارکردنە بۆ قوماش و ماکسى”.

وەک لە هاوارەکەیەوە دەردەکەوێت، هەڕاجییە و دوو مەتر کشمیر بە سێ هەزار.

هەروەک چۆن هێشتا مەلیک فێرى بڕینى قوماش نەبووە، ئاواش نازانێت کە ئەمڕۆ 1.6.2025، رۆژى جیهانى منداڵانە.

مەلیک کە تاجى بڕوانامەکەى لەسەرناوە و هاتووە لەگەڵ باوکى ئەزمونى بازاڕ و مامەڵە تاقى دەکاتەوە، دەیەوێت هاوار لە ئێستاوە چیرۆکى ژیان بنوسێتەوە و لە تەمەنێکى کەمەوە فێرى کار و سەرپێخستن بێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح