هەرچەند چرکەیەک منداڵێک دەمرێت

جیهان بۆ منداڵان دایکێکى بێ رەحمە

964+

وریا فەتاح

بەپێی نوێترین ئامارەکان، لە کاتێکدا ئەم دێڕانە دەخوێنیتەوە،6 بۆ 12 منداڵ بەهۆی برسێتی یان بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە واتا لە ماوەى کەمتر لە پێنج خولەک هاوکات، چارەنووسی ملیۆنان منداڵی دیکە لەژێر هەڕەشەی جەنگ، نەخوێندەواری و کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکاندایە.

هەندێ زانیارى گرنگ:
• 251 ملیۆن منداڵ و هەرزەکار لە خوێندن دابڕاون.
• یەک لەسەر پێنجی منداڵانی جیهان لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندا دەژین.
• پێشبینی دەکرێت دۆخی منداڵان خراپتر بێت بەهۆی کەمکردنەوەی بودجەی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی.
برسێتی و بەدخۆراکی؛ هەڕەشەی سەرەکی:
• لەنێوان حوزەیرانی 2024 تا ئایاری 2025، نزیکەی 3.5 ملیۆن منداڵی بچووک (خوار 6 ساڵ) تووشی برسێتی توند دەبن.
• 867 هەزار و 300 حاڵەتی بەدخۆراکی زۆر توند تۆمارکراوە.
• 2.6 ملیۆن منداڵ تووشی بەدخۆراکی توند و مامناوەند بوون.
• 1.2 ملیۆن دایکی شیردەر تووشی بەدخۆراکیی توند بوون.
ئەفریقا؛ مەیدانی سەرەکیی قەیرانەکە:
• کیشوەری ئەفریقا، بەتایبەت وڵاتانی باشووری سەحرا، بە خراپترین ناوچەی جیهان بۆ منداڵان دادەنرێت.
• یونیسێف: 13 ملیۆن منداڵ لەو ناوچانە تووشی بەدخۆراکی بوون، نزیکەی یەک ملیۆنیان حاڵەتی زۆر توندیان هەیە.
• سۆماڵ: دۆخی هەرە خراپە؛ 4.4 ملیۆن کەس (چارەکێکی دانیشتووان) رووبەڕووی برسێتی قەیراناوی دەبنەوە، پێشبینی دەکرێت 1.7 ملیۆن منداڵ تووشی بەدخۆراکی توند ببن.
• باشووری سودان: مەترسی بەدخۆراکی توند لەسەر زیاتر لە 2 ملیۆن منداڵی خوار پێنج ساڵ هەیە (26% زیادبوون بەراورد بە 2024). لەم ژمارەیە، 650 هەزار منداڵ مەترسیی توندترین شێوەی بەدخۆراکییان لەسەرە (33% زیادبوون).
غەزە و ئەفغانستان؛ منداڵان قوربانیی سەرەکیی جەنگ:
• لە غەزە، هەزاران منداڵ لە دۆخی برسێتیدان. لە سەرەتای شەڕەوە، هەزاران منداڵ کوژراون (350 منداڵ تەنیا دوای شکاندنی ئاگربەست).
• منداڵانی ئەفغانستانیش لە دۆخێکی سەختدا دەژین و برسێتى بڕستى لێبڕیون.
بەکارهێنانی منداڵان لە جەنگەکاندا؛ تاوانێکی شاراوە:
نەتەوە یەکگرتووەکان و یونیسێف بەردەوام هۆشداری دەدەن و بەپێى راپۆرتەکانیان دەیان هەزار منداڵ (کوڕ و کچ) وەک چەکدار لەلایەن گروپە چەکدارەکان و هەندێک سوپای حکومییەوە بەکاردەهێنرێن (پێشتر باس لە 100 هەزار کراوە).
بەپێى راپۆرتێکى نەتەوەیەکگرتووەکان لە لەم ساڵانەى دوایى نزیکەی 30 هەزار پێشێلکاریی جددی دژی منداڵان لە ناوچە شەڕاوییەکان ئەنجامدراوە، یەکێک لەوانە بەکارهێنانیانە وەک چەکدار.

لیستی شەرمەزاری

ئەو وڵاتانەى منداڵ لە شەڕدا بەکاردەهێنن خراونەتە لیستى شەرمەزارییەوە کە ئەمانەن: کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ، سۆماڵ، یەمەن، سوریا، ئەفغانستان، میانمار، سودانی باشوور، مالی، نایجیریا، بورکینا فاسۆ، (پێشتر عێراق، بەتایبەت لەلایەن داعشەوە).

منداڵان نەک تەنها وەک شەڕکەر، بەڵکو وەک سیخوڕ، گەیەنەری نامە، چێشتلێنەر، قەڵغانی مرۆیی، و بۆ مەبەستی سێکسیش (بەتایبەت کچان) بەکاردەهێنرێن.

منداڵێكی ته‌مه‌ن نۆ ساڵان له‌ هه‌ولێر پڕۆژه‌یه‌كی ...

منداڵێكی ته‌مه‌ن نۆ ساڵان له‌ هه‌ولێر پڕۆژه‌یه‌كی بۆ كتێب راگه‌یاند