هەروەک نالى شاعیر

نالییەک لە تاراوگەوە؛ چرۆی هیوایەک لە قەڵادزێ دەڕوێنێت

وریا فەتاح

لە تاڕاوگەوە گەنجێکی پشدەری، کە هێشتا شنەی بیست بەهاری تەمەنی بەرنەکەوتووە، وەک چۆن “نالی” شاعیر حەسرەتی خاکی نیشتمانی دەکێشا، “نالی پشدەر”یش بە هەمان ئەو عیشقەوە، سنوورەکان دەبڕێت و دەگەڕێتەوە بۆ باوەشی کوردستان. ئەمجارەیان، نە بە قەڵەم و نە بە شیعری حەسرەت، بەڵکو بە بازووی پۆڵایین و نییەتێکی ئاوەدانی، دەیەوێت برینێک ساڕێژ بکات و یادێک زیندوو رابگرێت.

ناڵی، ئەو لاوەی کە چاوەڕوانی وەرگیرانیەتی لە زانکۆکانی ئەڵمانیا، پشووەکەی نەکردووەتە دەرفەتی گەشت و گوزار، بەڵکو کردوویەتییە دەرفەتێک بۆ خزمەت. لەسەر شەقامی شەست مەتری قەڵادزێ، لەسەر رووبەری نیو دۆنم زەوی، خەریکى دروستکردنى باخچەیەکە و تێچووەکەى گرتووەتە ئەستۆ.

“دەمەوێت باخچەکە شتێکى بێ کەموکوڕى بێت،” ناڵی وا دەڵێت، وەک ئەوەی بیەوێت بەم کارەی، وێنەیەکی جوانی گەنجی کورد نیشان بدات کە لە هەر کوێیەکی دنیا بێت، دڵ و هزری لای زێدی خۆیەتی. باخچەکە بە شێوازێکی ئەندازەیی و مۆدێرن دروست دەکرێت، تێیدا سنەوبەر، ئەو درەختەی بووەتە رەمزی قەڵادزێ  و رەنگێکى چوار وەرزە سەوز و سێبەری فێنکی هەیە، بەشى سەرەکى باخچەکە پێکبهێنن.

وەک نالى باسى دەکات، تائێستا ناوێکى بۆ باخچەکە نەدۆزیوەتەوە، بەڵام بیردەکاتەوە و دەیەوێت ناوێکى فۆلکلۆرى و کۆنى لێبنێت کە گوزارشت بێت لە مێژوو و رەسەنایەتى زێدى باوکى.

بڕیارە ئەم باخچەیە لە 26ـی حوزەیران، لە ساڵیادی راگواستنی قەڵادزێدا، بکرێتەوە. ئەو رۆژە تاڵەی کە ساڵی 1989، رژێمی بەعس خەڵکی شارەکەی ئاوارە کرد و شارەکەی خاپوور کرد. ئێستا، ناڵی دەیەوێت بەم کارەی، پەیامێک بدات: راگواستن کۆتایی نەبوو، بەڵکو سەرەتایەک بوو بۆ بەردەوامی و ئاوەدانکردنەوە. باخچەکەی ناڵی، دەبێتە بەشێک لە زیندووکردنەوەی قەڵادزێ و شاهیدێک لەسەر خۆڕاگری و خۆشەویستیی نەوەی نوێ بۆ خاکەکەیان.

نالى کە جل و بەرگى کوردى لەبەرکردووە لەم وێنەیە لە نێوان قائیمقام و سەرۆکى شارەوانى قەڵادزێ دەرکەوتووە

نالى کە جل و بەرگى کوردى لەبەرکردووە لەم وێنەیە لە نێوان قائیمقام و سەرۆکى شارەوانى قەڵادزێ دەرکەوتووە