"پێویستیان بە نەشتەرگەرییە"
دوو لە بریندارانی تەقینەوەکەی پێنجوێن مامۆستا و قوتابین
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دوو لە بریندارانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی پێنجوێن، مامۆستا و قوتابین، هەرچەندە باری تەندروستیان جێگیرە، بەڵام پێویستیان بە نەشتەرگەرییە.
نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی زانیمان دووان لە بریندارەكانی تەقینەوەی مین لە پێنجوێن قوتابی و مامۆستایەكی سەر بە وەزارەتی پەروەردەن، دەستبەجێ سەردانمان كردن لە نەخۆشخانەی شار، دواتر كە زانرا پێویستیان بە نەشتەرگەری بەپەلە هەیە، رەوانەی نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخەمان كردن”.
وتیشی، وەزیری پەروەردە هاتووەتە سەر خەت و بڕیاریداوە لە نەخۆشخانەی تایبەت چارەسەریان بۆ بكرێت، سەرجەم هاوكاری و تێچووەكەشی لەئەستۆ دەگرێت.
نەژاد عەبدوڵا ئاشکراشیکرد، هەردوو بریندارەكە باری تەندروستیان جێگیرە، بەڵام پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە و بۆیان ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ هەینی 30.5.2025 لە یەکێک لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی پێنجوێن، پاشماوەیەکی جەنگیی تەقییەوە و شەش کەس بریندار بوون.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری