ئەمشەو کۆتایی دێت

لە بانە فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێیە و لە دهۆکیشەوە چوون

ئەحمەد مستەفا

ماوەی سێ رۆژە لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی كوردستان فێستیڤاڵی هەڵپەڕکێ سازکراوە و ئەمشەو کۆتایی دێت، لە دهۆکیشەوە گروپێکی باشووری کوردستان بەشداری کردووە.

جگە لە زنجیرە سیمینار و پانێڵ لەسەر مێژووی هەڵپەڕكێ و گرنگیی هەڵپەڕكێ و پەیوەندیی لەگەڵ دابونەریتی كورد، چەندین نمایش و جۆری هەڵپەڕکێ ئەنجامدراون.

ڤینۆس تۆفیق، فۆتۆگرافەر لە فێستیڤاڵەکە کە وەک تیمی میدیایی بەشداری کردووە بە 964ی وت، بەکۆی گشتی 10 گروپی هەڵپەڕكێ لە رۆژهەڵاتی كوردستان و دوو گروپیش لە باكوور و باشووری كوردستان بەشدارن و گروپەکەی باشوور لە دهۆکەوە هاتوون.

ئەمەی بەڕێوەچووە شەشەم جاری فێستیڤاڵەکەیە، جگە لە نمایشی هەڵپەڕکێ، كاریگەریی و پێگەی میوزیكی کوردی لە هەڵپەڕكێ باس کراوە و چەندین تابلۆ لەسەر شێوازەكانی هەڵپەڕكێ لەناوچە جیا جیاكانی كوردستان نمایشکراوە.

جگە لە نمایشەکان، خەڵکێکی زۆر لە هۆڵی فێستیڤاڵەکە کۆبوونەتەوە جگە لەوەی خۆیان ئاڵ و واڵا گۆڕیوە، لەگەڵ دیمەنەکان و هەڵپەڕکێ و گۆرانی کەیف خۆشدەبن و هەندێکی دیکەیان هاوشانی گروپەکان هەڵدەپەڕن.

وێنەکان؛ فۆتۆگرافەر ڤینۆس تۆفیق تۆماری کردووە