گۆشتی مۆرکراو لە قەسابخانەیەکی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێ _ وێنە: 964
"یارمەتیدەرە بۆ تەندروستی گۆشتەکە"
گۆشتتان کڕی یان مەولود هات بیخەنە فرێزەرەوە نەوسنی مەکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
بە گاڵتە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ناکرێ، ئەوەتا توێژینەوە زانستییەکان سەلماندوویانە، باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵەکە بۆ ماوەى شەش كاتژمێر لە پلەى “یەک بۆ پێنج” پلەى سەدى، هەڵبگيرێت، دواتر دەست بکرێ بە ئامادەکردن و خواردنی.
تایبەت لە کەشێکدا، تای خوێنبەربوون لە ناوە و نەوسنی کردن رەنگە بە زیانی تەندروستیت بشکێتەوە.
د. سەرخێڵ ئاراز پسپۆڕی تەندروستی گشتی و پەتازانییە، بە 964ی وت، بۆ خۆپارێزی لە پەتای تای خوێنبەربوون و خۆپارێزی لە تووشبوون بە نەخۆشییەکە، باشتر وایە خەڵک بگەن بەو بڕوایەی لە شوێنی فەرمی و بە چاودێریی پزیشکی ڤێتێرنەی ئاژەڵەکەیان سەرببڕن.
هەروەها رێنمایی ئەوەی کرد، پاش سەربڕینی ئاژەڵەکە، لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی کیسی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت گرنگی پێ بدرێت، هەروەک پێویستە ئەو چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بێت بە گۆشت و شووشتن و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنانی.
بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، باشتر وايە گۆشت دواى سەربڕينى ئاژەڵ، بۆ ماوەى شەش كاتژمێر لە پلەى ” یەک بۆ پێنج” پلەى سەدى هەڵبگيرێت، پاشان بەكاربهێنرێت، ئەو پلە بەستنە یارمەتیدەرە بۆ تەندروستبوونی گۆشتەکە.
هەروەها، باشترین و تەندروستترین رێگا بۆ خۆپارێزی کۆڵاندنی گۆشتە بەو شێوەی تا دەگاتە پلەی کوڵان.