بۆرسەی هەولێر

شكستی دۆلار بەردەوامە و وەزعی دیناریش زۆر باشە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە 26.5.2025 لە بۆرسەی هەولێر دیناری عێراقی بە شێوەیەكی بەرچاو بەرامبەر دۆلار بەرزبووەوە، بە رادەیەك هەر مامەڵەكارانی دۆلار باسی لێوە دەكەن، هەشت هەزار تا دە هەزار دینار نرخی دۆلار بەراورد بە مانگی پێشوو دابەزیوە.

لەگەڵ داخستنی بۆڕسەی دراو لە ئێوارەی ئەمڕۆ، نرخی 100 دۆلار بە 140.500 دینار بوو.

غازی سەعید ئەنجومەنی بۆرسەی هەولێر، بۆ 964 هۆكاری دابەزینی نرخی دۆلار دەخاتەڕوو، “حكومەتی عێراق دۆلاری زۆر دەخاتە بازاڕ ئەمەش وادەكات نرخەكەی نۆرماڵ بێت، كە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵكدایە، بە بەراورد بە مانگێكیش پێش ئێستا، نرخی 100 دۆلار 10 هەزار دینار دابەزیوە”.

مەلا یوسف ماوەی 21 ساڵە كاری كڕین و فرۆشتنی دۆلار دەكات بۆ 964 وتی، دۆلار دادەبەزێ بەڵام نرخی شتومەك و كاڵا هەروەک خۆیەتی، بازرگانەكان رەچاوی هەرزانی نرخی دۆلار ناكەن، ئیش وازی لە ئێمە هێناوە، ئێمە وازی لێناهێنین”.

لای خۆیەوە باپیر عەبدوڵا، كە مامەڵەكاری كڕین و فرۆشتنی دۆلار دەكات، بۆ 964 وتی، بازاڕ نییە، ئەوەی بێتە بازاڕەكەش دۆلار دەفرۆشێت و نایكڕێت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا