فەرمانبەرانى گرێبەست لە ئیدارەى راپەڕین
زیاتر لە 10 مانگە دامەزراون و تائێستا سفتاحى موچەیان نەکردووە
964+
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى گرێبەستى سنوورى ئیدارەى راپەڕین، لەبەردەم بیناى ئیدارەى راپەڕین گردبوونەوە، وەک دەڵێن، لەوکاتەوەى دامەزراون موچەیان وەرنەگرتووە و تائێستا تامى موچەیان نەکردووە.
ئەو فەرمانبەرانە کە وەکخۆیان دەڵێن، لە 1.7.202ـەوە بەشێوەى گرێبەست لە دامودەزگاکانى حکومەت دامەزراون، هەرچەندە 14 رۆژ دواى دامەزراندنیان دەستیان بە دەوام کردووە، بەڵام تائێستا موچەیان وەرنەگرتوووە.
مەتین محەمەد، فەرمانبەری گرێبەستە و بەشداربوی گردبونەوەکە بە 964ـى وت،” ئەو فەرمانبەرانەى بەپێی بڕوانامەکانیان، لەبەشی کارگێڕی و کۆمپیوتەر و بەشی یاسا و جۆرەکانی تر دامەزراوین وەک فەرمانبەری گرێبەست لە دامودەزگاکانی حکومیدا دەوام دەکەین و، موچەکانیشمان لە 300 هەزارەوە تا 500 هەزارە دینارە”.
ئەوان داواش دەکەن کە موچەکانیان بۆ خەرج بکرێت، بە پێچەوانەوە بایکۆتى دەوام دەکەن.
ئەو فەرمانبەرانەى لە مانگى 7ـى 2024 و دواتر بەشێوەى گرێبەست دامەزراون، سەروو 3000 هەزار کەسن لەو ژمارەیە 100 فەرمانبەریان لە سنوورى ئیدارەى راپەڕینن.
دوێنێش لە هەڵەبجە و گەرمیان، فەرمانبەرانى گرێبەست دژى پێنەدانى موچەکانیان گردبوونەوە و داوایان کرد موچەکانیان پێبدرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح
