"پێدەچێت بەهۆی شۆرتی کارەباوە بێت"

بە ئاگرەکەی دوکان 2000 هەزار دۆنم زەوەی و 2500 داری سروشتی سووتان

شۆڕش قادری

ئێوارەی دوێنێ ئاگرێکی گەورە لەسەر رێگای دوکان – سلێمانی و لە سنووری گوندی تەلان کەوتەوە و بەقسەی بەرپرسانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، بەهۆی ئاگرەکەوە 2000 هەزار دۆنم زەوەی و 2500 داری سروشتی سووتان و پێشبینیش دەکرێت، بەهۆی شۆرتی کارەباوە سەریهەڵدابێ.

هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی وت، “هەر دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە، چەند تیمێکمان رەوانەی ناوچەکە کرد و توانیان بە هاوکاری ئاسایش و پۆلیسی بەرگری شارستانی دوکان و دانیشتووانی گوندەکانی تەلان و قەمچوغە و جاسەنە، دوای پێنج کاتژمێر ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و بیکوژێننەوە .

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوی لە پووش و دەغڵ و دانی هاوڵاتیان سووتاوە و نزیکەی دوو هەزار و 500 داری سروشتی تەمەن جیاوازیش زیانیان پێگەیشتووە.

پێدەچێت بەهۆی رەشەباوە شۆرتی کارەبا دروست بووبێت و هەرئەوەش بووەتەهۆی سەرهەڵدانی ئاگرەکە

“بە پێى لێکۆڵینە سەرەتاییەکان، پێشبینى دەکرێت بەهۆی رەشەباوە شۆرتی کارەبا دروست بووبێت و هەرئەوەش بووەتەهۆی سەرهەڵدانی ئاگرەکە”، هێمن کەمەرخان وای وت.

وتیشی پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی رادەستی دادوەر کراوە.