"پابه‌ند نه‌بوو به رێنماییه‌كان"
له رواندز نووسینگەى کۆمپانیایەک داخرا و پڕۆژەکەى لێ وەرگیرایەوە
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
قایمقامییه‌تى رواندز ده‌ڵێت، نوسینگه‌ى کۆمپانیایەکیان داخستووه و ئه‌و پڕۆژه نیشته‌جێبونه‌شیان لێوه‌رگرتووه‌ته‌وه كه كارى له‌سه‌ر ده‌كرد، قایمقامیش ئاشكراى ده‌كات، كه كاره‌كانى به‌پێی رێنماییه‌كان نه‌بووه.
قایمقامییه‌ت ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى رێكخست، چەند لایەنێکى پەیوەندیدار ئاماده‌بوون، بڕیاردرا پڕۆژەى کۆمەڵگەى لاوانى رواندز، لە کۆمپانیاى (کۆمە) وەربگیرێتەوە و نووسینگەکەشیان دابخرێت.
ئەحمەد قادر، قایمقامی قەزای رواندز به 964ـى راگه‌یاند، كۆمپانیاكه به‌پێی رێنماییه‌كانى كارى نه‌كردووه و كێشه‌و گرفتى زۆریشى هه‌بووه.
وتیشی “فەرمانێكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان بە ژمارە 5579 كه لە 31.10.2024 ده‌رچووه، له‌سه‌ر خاوه‌ن پڕۆژه‌كه‌مان جێبه‌جێ كرد و پڕۆژه‌كه‌مان لێسه‌نده‌وه”.
بەپێی فەرمانه‌كه‌ی ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان، كۆمپانیاكه كە لایەنی وەبەرهێنەری پڕۆژەیە هیچ پەیوەندی بە پڕۆژەكە نەماوە و نووسینگەی كۆمپانیا داخراوە، بۆی نییە هیچ كارێك لە ناو شاری لاوان ئەنجام بدات.
قایمقام ده‌شڵێت، بەپێی ئەم فەرمانەى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان، كۆمپانیاكه تەواوی ئه‌و پابەندیانه‌ی كە لە بەرامبەر هاوڵاتییان هەیەتی بەرپرسیارەتی لە ئەستۆ دەگرێت.