دەروازەى باشماخ...وێنە: 964+
"لە راوێژی بەردەوام داین"
پارێزگارەکانی هەرێم داوایان لە ئێران کردووە رسووماتی سەر ئۆتۆمبێل لە مەرزەکان هەڵبگرێت
964+
شۆڕش قادری
لە سەردانەکەیان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان داوایان لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کردووە، رسووماتی سەر ئۆتۆمبێل لەسەر مەرزەکان هەڵبگرن کە 250 دۆلارە و لەکاتی گەشتکردنیان بۆ ئێران، لە هاوڵاتیانی هەرێم وەردەگیرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە 964ـی وت، “لە سەردانەکەمان بۆ سنە و تاران، جگە لە بابەتی پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، چەند پرسێکی دیکەشمان تاوتوێ کرد، وەک کردنەوەی چەند مەرزێکی نوێ، لابردنی رسووماتی سەر ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە مەرزی سەیرانبەن و بەردانەوەی ئاوی بەنداوی کۆڵەسە بۆ سنوورەکانی رانیە و قەڵادزێ”.
داوامان کردووە ئەو رسووماتە هەڵبگیرێت، چونکە ئەو بابەتە کاریگەری لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری بۆ هەردوو لامان دەبێت
لەئێستادا بۆ بردنی هەر ئۆتۆمبێلێک بۆ رۆژهەڵاتی و کوردستان، بڕی 250 دۆلار وەک رسوومات لە هاوڵاتیانی هەرێم وەردەگیرێت، هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی، “داوامان کردووە ئەو رسووماتە هەڵبگیرێت، چونکە ئەو بابەتە کاریگەری لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری بۆ هەردوو لامان دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا لایەنی ئێرانی تاوتوێی ئەو پرسانە دەکات و بۆ جێبەجێکردنیان لە راوێژی بەردەوام دان.
ئەم هەفتەیە هەر چوار پارێزگارەکەی هەرێمی کوردستان، بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی پارێزگا هاوسنورییەکانی هەرێم و رۆژهەڵاتی کوردستان چوونە سنە و دوای سێ رۆژ سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانیشیان کرد و جگە لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگارەکانی سنە و کرماشان و ورمێ و تاران، لەگەڵ مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێرانیش کۆبوونەوە.