پۆلیسی هەولێر بەدواداچونی بۆ دەكات

رۆژنامەنوسێكی عێراقی له هەولێر چارەنوسی نادیارە

964+

محەمەد فاتیح

عەلی خەیال پێشكەشكار له كەناڵی بەغدادییە دوای ئەوەی دوێنێ‌ شەو لە هۆڵێكی وەرزشی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان بیندراوە تاكو ئێستا كەس سۆراخی نازانێت و یەكێك دەڵێت رفێندراوە یەكێكیش دەڵێت دەستگیر كراوە، پۆلیسی هەولێریش لە رێگەی 964ـەوە بێ‌ ئاگایی خۆی لە رووداوەكه راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 22.5.2025  كەناڵی بەغدادییە بڵاویكردەوە پێشكەشكارێكیان بەناوی عەلی خەیال لە هۆڵێكی وەرزشی شاری هەولێر رفێندراوە و تاكو ئێستا چارەنوسی نادیارە.

“سەلامەتی گیانی ئەو میدیاكارە دەخەيينە ئەستۆی محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق، پێشتر لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئەو وەزیرە هەڕەشەی لە پێشكەشكارەكە كردوە، هەروەها سكاڵای یاساییشی لەدژی تۆماركردبوو” كەناڵی بەغدادییە واى وت.

سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکی لە مافى رۆژنامەنووسان داواى لە دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر كرد بە پێی شوێنی دانیشتنی رۆژنامەنووسەكە كە شاری هەولێرە  كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بە پێی یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەیدا بكرێت نەك یاسای سزادانی عێراقی.

پۆلیسی هەولێریش لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ 964 بێ ئاگایی خۆی نیشان دا لە رووداوەكە و دەڵێت بەدواداچونی بۆ دەكەین.

عەلی خەیال كە دوو بڕوانامەی بەكالۆریۆس و ماستەری هەیە لە رۆژنامەگەری و ساڵانێك لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا كاری كردووە، ئێستا بەرنامە یەكی سیاسی رەخنەگرە بەناوی (نحن السلطة) لە كەناڵی بەغدادییە پێشكەش دەكات.