دیمەنێک لە راگەیاندنی راپۆرتی پێشێلکاریی ساڵی 2023 _ وێنە: 964
کەمی کردووە
” 247 رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە”
964+
کامیار کەمال
سەنتەری میترۆ داتاکانی خۆی بۆ پێشێلکاری و رێگریی سەر رۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە، کە لە ساڵی 2023 دا 249 پێشێلکاری بەرامبەر بە 247 رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن کراوە.
134 پێشێلکارییان رێگریکردن بووە لە رووماڵی رۆژنامەنووسان.
سەنتەرەکە دروشمەکەی بۆ داکۆکییە لە مافی رۆژنامەنووسان، ئەمڕۆ چوارشەممە 17.1.2024 لە راپۆرتەکەیدا ئەوەش باسکراوە، لە ساڵی 2023 دا، 134 جار رێگری کراوە لە رۆژنامەنووسان، کە رووماڵ ئەنجام بدەن و 37 رۆژنامەوانیش دەستبەسەرکراون بەبێ بڕیاری دادگا.
هاوکات، 38 جاریش دەست بەسەر کەلوپەلی رۆژنامەنووساندا گیراوە و 27 حاڵەتی هەڕەشە و دەستدرێژیکردنیش تۆمارکراوە، 5 حاڵەتی دەستگیرکردن هەبووە کە پێچەوانەی یاسای رۆژنامەوانی بووە و 4 حاڵەتی هێرشی ئەلیکترۆنیش تۆمارکراوە، هەروەها دوو جار کەلوپەلی رۆژنامەنووسان شکێندراوە و دوو جاریش هەڕەشە لەسەر ماڵی رۆژنامەنوسان هەبووە.
بەراورد بە ساڵی 2022 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنوسان کەمیکردووە، و بە گوێرەی راپۆرتی ساڵانەی هەمان سەنتەر، لە ساڵی 2022 دا 431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەنووس کراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا