مووشەکی ئێرانی
مووشەکێک لە ئاسمانی تورکیا تێکشکێندرا
ئێران: هیچ مووشەکێکمان ئاراستەی تورکیا نەکردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سوپای ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ مووشەکێکی ئاراستەی تورکیا کردبێت, دووپاتیشیان کردەوە کە رێز لە سەروەری ئەو وڵاتە دەگرن.
دەستەی ئەرکانی گشتیی سوپای ئێران ئەمڕۆ پێنجشەممە رەتیکردەوە هیچ مووشەکێکیان بەرەو خاکی تورکیا هەڵدابێت و رایانگەیاند، رێزی خۆیان بۆ سەروەریی تورکیا وەک وڵاتێکی دۆست و دراوسێ دووپاتدەکەنەوە.
ئەو رەتکردنەوەیەی ئێران لە وەڵامی راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا بوو کە رۆژی چوارشەممە رایگەیاند سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، رێگری لە مووشەکێک کردووە کە ئاراستەی ئاسمانی تورکیا کراوە و پشتڕاستی کردەوە کە ڕووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاندبوو، بەرگریی ئاسمانیی ناتۆ و سیستەمی بەرگریی مووشەکی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، مووشەکێکی تێکشکاندووە، کە بە ئاسمانی سوریا و عێراقدا هاتووەتەوە ئاسمانی ناوچەکە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر چەند شارێکی ئێران بەردەوامە و ئەمڕۆ شەشەم رۆژی شەڕەکەیە.