وەزارەتی بەرگریی ئازەربێجان:
بەسەر ئێرانەوە ناچێت و وەڵاممان دەبێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان رایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر فڕۆکەخانەی نەخچیڤان و ژێرخانی مەدەنی دیکە، بەسەریانەوە ناچێت و بێ وەڵام نابێت.
وەزارەتەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە روونی کردەوە ئێران لە خاکی خۆیەوە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەستپێکردووە و دووپاتی کردووەتەوە، کە بەرپرسیاریەتیی تەواوی ئەو رووداوە لە ئەستۆی ئێراندایە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، وەزارەتەکە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکات بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی وڵاتەکەی، جەختیش لەوە دەکاتەوە، کە هیچ پاساوێکی سەربازی بۆ ئەو هێرشانە نەبووە.
ئەمڕۆ ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ئازەربێجان و هێشتا پاساوی هێرشەکە روون نییە، کە بۆچی ئەنجامدراوە.