"ئێمە گەنم رادەستی كۆنگریسی ئەمریكا دەكەین یان سایلۆ؟"

وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی كەركوك پێویستی بە نۆ واژۆ هەیە

964+
كاروان ساڵحی- كەركوك

سەرەتای هەفتەی داهاتوو سایلۆكانی كەركوك دەستدەكەن بە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، بۆ یەك تۆن گەنم بڕی 850 هەزار دینار تەرخان كراوە، جوتیارانیش ناڕازین بەهۆی ئەوەی فۆرمێك دابەش دەكرێت بەسەر جوتیاران، كۆمەڵێك زانیاری تێدا داواكراوە، پاشان لە لایەن نۆ ئەندامی لیژنەی وەرگرتنی بەروبومی جوتیارن واژۆ دەكرێت.

مەهدی زەینولعابدین یاریدەدەری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركوك بە 964ـی وت، وەرزی دروێنە و بەبازاڕكردن یەكێكە لە كایە گرنگەكانی ئابووری وڵات، ئەم ساڵ 550 هەزار دۆنم گەنم لە ناو پلان تۆ كراوە و دابەشی سەر هۆبە و كەرەتەكانی كشتوكاڵ كراوە و پێشبینی دەكەین زیاتر لە 500 هەزار تۆن گەنم بەرهەمی هەبێت<

،وتیشی، ساڵی رابردوو بە بەرهەمی ناو پلان و دەرەوەی پلان گەیشتە 500 هەزار تۆن، بەڵام پێشبینی دەكەین ئەم ساڵ تەنیا لە ناو پلان ئەو رێژەیە تێپەڕ بكات، ئەمساڵ چاودێری و پشتیوانی زۆر دەكرێت لە لایەن پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە.

دەربارەی ئەو فۆرمەی كە داواكراوە پڕبكرێتەوە لە لایەن جوتیاران و ئەندامانی لیژنەكە واژۆی بكەن بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان رادەستی سایلۆكان بكەن، ، زەینولعابدین دەڵێت، ناڕەزایەتییەكی زۆریان لە لایەن جوتیارانەوە پێگەیشتووە، تا ئێستا قسەی لەسەرە و كۆبوونەوەی بەردەوامی لەسەر دەكرێت لە لایەن پارێزگار و بەڕێوەبەری كشتوكاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگارەوە، بابەتەكە یەكلانەكراوەتەوە، كە ئایا هەڵبوەشێندرێتەوە یان رۆتینەكانی كەم بكرێتەوە.

“وەک كارئاسانییەك بۆ جوتیاران پارێزگاری كەركوك بڕیاری داوە سەرجەم نوێنەری فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتییەكانی ناو لیژنەكە لە ناو بینای بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ دەوام بكەن بۆ ئەوەی مامەڵەی جوتیاران راپەڕێنن”، مەهدی زەینولعابدین  وای وت..

وتیشی، بۆ ئەمساڵ دوای هەوڵێكی زۆری پارێزگار و بەرێوەبەری كشتوكاڵ رەزامەندی وەزیری كشتوكاڵ وەرگیرا كە بەروبوومی جوتیارانی دەرەوەی پلانیش وەربگیرێت، و بڕیاریشە ئەم ساڵ یەك تۆن گەنم لە جوتیاران بە850 هەزار دینار وەربگیرێت.

لای خۆیەوە جوتیار سەعید زۆراب شوانی بە 964ـی وت، “ئێمەی جوتیاران نازانین دەمانەوێـت بەرهەمەكانمان رادەستی كۆنگریسی ئەمریكا بكەین یاخود سایلۆی كەركوك، پێویستی بە نۆ واژۆ هەیە ، سەرباری ئەوەش دەبێت ژمارە و جۆر ئۆتۆمبێل و ناوی شۆفێرەكە بنووسرێت.

ئەندامێكی ئەو لیژنەیەی كە پێكهێنراوە بۆ راپەڕاندنی مامەڵەی جوتیاران و دەبێـت واژۆ لەسەر فۆرمەكە بكات، بە 964ـی وت ، مەبەست لەو نۆ واژۆیە ناو فۆرمەكە تەنیا بۆ ئەوەیە جوتیارانی هەرێمی كوردستان بە قاچاغ گەنمەكانیان رادەستی سایلۆكانی كەركوك نەكەن، هەروەها بازرگانەكانیش گەنمی خۆیان تێكەڵ بە بەرهەمی ئەمساڵی جوتیاران نەكەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

"ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لە کوردستان کەم دەبێت"