كێڵگەی غازی كۆرمۆر لەسنووری قەزای چەمچەماڵ
لێكدانەوەی یاسایی و سیاسی و ئابوری بۆ كراوە
964 كارێكی جیاوازی بۆ پرسی رێكەوتنەكەی هەرێم و ئەمریكا كردووە
964+
محەمەد فاتیح
دواى ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگ لەگەڵ هەردوو کۆمپانیاى (ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی) و (وێستێرن زاگرۆس) له نێوان کوردستان و ئەمەریکا، رێكەوتنەكان بوونەتە جێگەی مشتومڕێكی زۆر، لەكاتێكدا تازە گرێبەستەكان ئیمزاكران و مەرەكەبەكەشی وشكبۆتەوە.
دكتۆر گۆڤەند شیروانی ئەكادیمی و شارەزای بواری نەوت بە 964ـی وت، “مەبەست لە گرێبەستەكان پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی گازی سروشتییە بۆ بەكارهێنانی لە وێستگەكانی كارەباى هەرێمی كوردستان”.
ئەو دەڵێت، “ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئەو كارەبایەی بەرهەم دەهێنرێت بریتیە لە 4500 میگا وات بەڵام هەرێم پێویستی بە 8000 میگا واتە تاكو پێداویستییەكانی پێ پڕبكاتەوە وئەو گێڵگانەى هەرێمیش كە رێكەوتنی لەسەر كراوە رۆڵیان دەبێت لە كورتهێنانی گاز بۆ كارەبا”.
وتيشى، ” تائێستا ئێمە یاسایەكی كارامان نییە بۆ نەوت و غاز لەسەر ئاستی عێراق ، یاسای بودجەی گشتی عێراقيش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە فڕۆشتنی نەوت بۆ دەرەوەی وڵات لە دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵیە، بەڵام باس لەوە ناكات كە دەرهێنانی نەوت و گاز بۆ بەركارهێنانی ناوخۆ كە تەنها لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵدا بێت، بەپێی مادەی 12 لە دەستوری عێراق ئەم گێڵگە هاوبەشانە دەكرێت بە هاوبەشی ئیدارە بكرێن لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و پارێزگا و هەرێمەكانی بەرهەمهێنەری نەوت ، بۆیە ئەم بابەتە هیچ بەركەوتەیەكی نییە لەگەڵ دەستوری عێراقی و یاسای بودجە”.
“لە دوا بڕیاری دادگای تەمیيزی عێراق لە كۆتایی ساڵی 2024 ئاماژەی كرد كە سەرجەم گرێبەستەكانی نەوتی هەرێم دەستوریە و هیچ كێشەیەكی نیيە ، ئەم گرێبەستانەش هەمان بڕیاری دادگای تەمییزی كەرخی بەغدا دەیانگرێتەوە و ناكرێت بە نادەستوری هەژمار بكرێت” دكتۆر گۆڤەند شیروانی واى وت.
خانمێكی عێراقی شارەزا لە بواری سیاسی دا پێی وایە بە ئیمزاكردنی ئەم دوو گرێبەستە كارێكتەری هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبێت لە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق.
نەوال موسەوی كە خانمێكی عێراقیە و شارەزا و توێژەرە لە بواری سیاسی و بۆ كەناڵە بەناوبانگەكان قسە دەكات تایبەت بە 964ـی وت، “ئیمزاكردنی ئەو دوو گرێبەستە لە نێوان هەرێم و ئەمریكا كارێكتەرێكی بەهێز دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە حكومەتی فیدڕاڵی ئەمەش واتای ئەوە دەگەیەنێت كە ئەمریكا لە هەرێمی كوردستانەوە نزیكترە وەك لە حكومەتی فیدڕاڵی بەغدا، ئەم هەنگاوەش دەبێتە پاڵنەرێك بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لەماوەكانی داهاتوودا.
ئەو دەشڵێت، “پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا پەیوەندیەكی بەهێز و قوڵە و ئەمریكا بەردەوامه لە ناردنی هێز بۆ كوردستان و بەمزوانە ئامادە كاری دەكرێت بو دروستكردنی گەورەترین قونسڵخانەى ئەمریكی لە هەرێمى كوردستان.
لەلایەن خۆیەوە ئازاد دۆسكی راوێژكاری دەستوری لە قسەكردنی بۆ 964 دەڵێت، “رێكەوتنەكەی كوردستان و ئەمریكا پێچەوانەی دەستور و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵیە ، بەپێی مادەی دەستوری 110 و بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی ژمارە 59 بۆ ساڵی 2012 ،یاسای نەوت و گازی هەرێمی كوردستان نا دەستورییە”.
سەفا لامی شارەزا لە بواری یاسا هاوڕابوو لەگەڵ ئازاد دۆسكی و بە 964ـی وت، “بەپێی مادەی 110 دەستوری عێراق گرێبەستەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا نایاسایی و نا دەستورین چونكە بەپێی مادەكە تەنها لەدەسەڵاتی حكومەتی فیدڕاڵیە رێگەوتنی نێودەوڵەتی ئيمزا بكات ”
وتيشى، “حكومەتی فیدڕاڵی دەتوانێت رێكاری یاسایی بگرێتەبەر و ئاگاداری بداتە ئەو كۆمپانیانە و گرێبەستەكان هەڵوەشێنێتەوە”.
رۆژی دووشەممە 19.5.2025 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، لە ژووری بازرگانی ئەو وڵاتە لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی رێوڕەسمی واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros