"مردین ئەوەندەی ئاو بکڕین"
هێشتا چەند گەڕەکێکی هەولێر بێ ئاون و بەتانکەر ئاو دەکڕن
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
هەرچەندە بۆری ئاوی ئیفراز سێ لە هەولێر چاککراوەتەوە، بەڵام هێشتا چەند گەڕەکێک بێ ئاون و بە تانکەر ئاو دەكڕن.
ئاسۆ کەمال گەنجێکی دانیشتووی پێنجی حەسارۆک بە 964ـی وت، “دوای شکانی بۆری ئاوی ئیفراز سێ وەزعمان زۆر خراپ بووە و هیچمان پێناکرێ لە بێ ئاویدا، مردین ئەوەندەی ئاو بکڕین”.
هاوکات حاجی فەرمان دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکە وتی، “نزیکەی سێ رۆژە ئاومان نییە و لەبەر نەبوونی کارەبای نیشتمانی، بیرەکانیش کار پێناکەن، بۆیە ناچارین بە تانکەر ئاو بكڕن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر ئەم هەفتەیە دوو تانکەر ئاوی کڕیوە، هەر تانکەرێک بە 15 هەزار دینار.
دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 19.5.2025 بۆری گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ لە نزیك گوندی دارەبەن شکێنرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 21.5.2025 بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر چاککردنەوەی بۆرییەکەی راگەیاند، بەڵام رابەر حسێن بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە 964ـی وت، “هەرچەندە لە ئێستادا ئاو بەردراوەتەوە و درەنگانی ئەمشەو هەندێک لە گەڕەکەکان ئاویان پێدەگات، بەڵام تا 72 کاتژمێر دیکە ئاو دەگاتەوە هەموو ئەو گەڕەکانەی کە لە دوو رۆژی رابردوودا بێ ئاو بوون”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری