"رووداوێکی پێشبینی نه‌كراو روودەدات"

رۆژنامه‌یه‌كی عێراقی ده‌ڵێت؛ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ى عێراق دواده‌خرێت

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

رۆژنامه‌یه‌كی عێراقی ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ به‌هۆى روودانى رووداوێكی پێشبینی نه‌كراو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوادەخرێت و ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ دواخستنه‌كه‌ى بكه‌وێته‌ ساڵى داهاتوو.

رۆژنامەی (ئەلمەدا) ئه‌م پێشبینییه‌ى كردووه‌ و له‌ راپۆرتێكدا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌ ماڵپه‌ره‌كه‌ى بڵاویكردووه‌ته‌وه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، لایەنە شیعەکان پێشبینی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن لەو وادەیەی بۆی دانراوە بۆ بەهار یان هاوینی ساڵی داهاتوو 2026، ئەوەش بەهۆی رووداوێكی نەزانراو، کە لەوانەیە لە بەم نزیكانە روو بدات.

مانگی رابردوو “چوارچێوەی هەماهەنگی” رایگەیاند کە هەڵبژاردنەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و پێش کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوە دەچن.

بەڵام لەپشت پەردەوە زانیاری دەربارەی دابەشبوون لەنێوان دوو دیدگادا بڵاودەبنەوە، یەکەمیان نوێنەرایەتیی تیمی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی دەکات و ئەوی دیکەیان نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو سەرکردایەتیی دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەكه‌، كه‌ له‌ سەرچاوەیەکى نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ده‌ستیكه‌وتووه‌، هەوڵەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لەدوای نیوەی مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکەن و چاوەڕوانیش دەکرێت پەرلەمان دوای تەواوبوونی پشووی یاسادانان بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن کۆببێتەوە.

ئەم هەنگاوە پێشبینی دەکرێت کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کاتی دیاریکراوی هەڵبژاردندا هەبێت و لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە خشتەی هەڵبژاردنەکاندا.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، مانگی نیسانی ساڵی رابردوو رایگەیاند، رۆژی 11.11.2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت، بەڵام بەپێی سەرچاوە سیاسییەکان، رەنگە مانەوەی ئەم وادەیە وەك خۆی قورس بێت، بەهۆی ئەو پێشهاتە كتوپڕانەی کە لەدوای مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە روودەدەن.

بەپێی زانیارییەكان، پێشهاتە كتوپڕەكان لەگەڵ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان و دانانی مەرج بۆ خۆکاندیدکردنی بەرپرسانی حكومەت روودەدات، مەرجەکان بریتین لە دەستلەکارکێشانەوەی بەرپرسان لە پۆستەکەیان چوار یاخود شه‌ش مانگ پێش هەڵبژاردن و كۆمەڵێك مەرجی دیكەی خۆبەربژێركردن كە ئەمەش پڕۆسەی هەڵبژاردن دوادەخات.

ئەوەی پێشبینی دەکرێت، لەم ماوەیەدا کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەندێک لە بەرپرسانی حکومەتی عێراقە کە هەوڵی خۆبەربژێركردن دەدەن، ئەگەرێكیش هەیە كە موقته‌دا سەدر بگەڕێتەوە بۆ گۆرەپانی سیاسی.

هەولێر لە ئێستاوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئا...

هەولێر لە ئێستاوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادە دەكات

رۆژی راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکانى هەڵبژاردنی پەر...

رۆژی راگەیاندنی ئەنجامە سەرەتاییەکانى هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریكرا

لە هەولێر ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دە...

لە هەولێر ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكرێت