ئەپى واتساپ
"دەخرێنە گروپچاتەوە"
بریکارەکانی خۆراک لە هەرێم ئاگادار دەکرێنەوە بچنە سەر واتسئەپ
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی بازرگانی عێراق داوای لە بریکارەکانی ئارد و خۆراکی هەرێمی کوردستان کردووە، بۆئەوەی ئاگاداری هەموو رێنماییەکان بن، ئەپڵیکەیشتنی “واتس ئەپ” لە مۆبایلەکانیان داببەزێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە 20.5.2025، بەڕێوەبەرایەتی رێکخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر رایگەیاند، لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدرال، داوا لە سەرجەم بریکارەکانی ئاردو خۆراک دەکەین “واتس ئاپ” لە مۆبایلەکانیان دابەزێنن، چونکە سەرجەم بریکارەکان دەکرێنە ناو گروپێکی ئەپڵیکەیشنەکەوە.
سیامەند قادر، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی هەولێر بە 964ـی راگەیاند، وەزارەتی بازرگانی عیراق داوای لێکردین بە هاوکاری یەکتر گروپێک دروست بکەین بۆ گشت بریکارەکان وەک دەسپێک و ئاسانکاریەک بۆ پرۆسەی بە ئەلیکترۆنی کردنی پسوولەی خۆراک.
وتیشی، “هەر زانیاری و رێنمایی و فێرکاریەک هەبی لە رێگەی ئەو گروپەوە بە بریکارەکان دەگات”.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت، بۆ ئەوەی هەموو بریکارەکان لەرێگای ئەم گروپەوە ئاگادار بکرێنەوە لەهەر رێنماییەک سەبارەت بەپڕۆسەی بەئەلیکتڕۆنیکردنی پسوولەی خۆراک و ئەو لیستانەی تایبەتن بە بریکارەکان کە مانگانە ئاردو خۆراکی هاووڵاتیان بەپێی ئەم لیستە دابەش دەکرێ.