رووداوەكانی ماتۆڕسكیل مەترسیدارترینن

ئەو پەرستارەی بەهۆی ماتۆڕسكیلەوە بە ئامێری دەستكرد هەناسە دەدات

964+

محەمەد فاتیح

زیاتر لە دوو مانگی تەمەنی لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی بەسەربردووە بەبێ‌ ئەوەی هۆشی بێتەوە و بتوانێت تەنها بۆ جارێكیش بێت قسە لەگەڵ كەسوكارەكەی بكات، یان هیچ نەبێت چاوێك هەڵبێنێت و بە دیداری ژیان شادبێتەوە.

رێناس حسێن خانمێكی پەرستارە لە شاری سلێمانی و رۆژانە بەدەنگ دەیان نەخۆشەوە دەچێت و هاوكاری و یارمەتیان پێشكەش دەكات، كەچی لەئێستادا دوای ئەوەی مەتۆڕسكیلێك بە توندی لێیداوە و بە تەواوەتی لە ژیان دابڕاوە و زیاتر لە 60 رۆژە هۆشی لەدەستداوە و لە نەخۆشخانەی شارەوە نێرداروە بۆ نەخۆشخانەی ئەڵمانی و لە ژێر رەحمەتی ئامێری هەناسەداندایە.

رێناس لەكاتێكدا ویستوێتی بڕوا بۆ سەر كارەكەیی و ژیانی خەڵك رزگار بكات، كەچی ژیانی خۆی كەوتە مەترسییەوە و بوو بە قوربانییەكی دیكەی ماتۆڕسكیل كە بە خێراییەكی لە رادەبەدەر خۆی بە رێناسدا دەكێشێت و شۆفێرەكەشی گیان لەدەستدەدات.

سەڵاح حسێن برای رێناس رووداوەكە دەگێڕیتەوە و دەڵێت “لە 16.3.2025 دوای بەربانگی رەمەزان رێناسی خوشكم لەسەر جادەیەكی دووسایدی كاتێك ویستوێتی بەسەر پردەكەوە بپەڕێتەوە ماتۆڕسكیلەكە لەسەر رەسیفەكە بەخێراییەكی زۆرەوە لێیداوە و هەڵیداوە، داوا لە شۆفێرانی ماتۆڕسكیلەكان دەكەم بە وریاییەوە شۆفێری بكەن و خۆیشان و كەسی بەرامبەریشیان تووشی كارەسات نەكەن”.

رێناس حسێن ئەو پەرستارەی شاری سلێمانی كە رۆژانە بە دەنگی دەیان گەسەوە چووە و فریاییان كەوتووە، بەهۆی هەڵەشەیی شۆفێرێكی ماتۆڕسكیلەوە كە خۆیشی گیانی لە دەستداوە، كەس نازانێت جارێكی تر چاوی بە ژیان دەكەوێتەوە یان هەنەسەدانی ئامێرە دەستكردەكە دەبێتە دوا هەناسەیی و ماڵئاوایی لە ژیان دەكات.

بەپێی زانیارییەكان و قسەی پسپۆران رووداوەكانی ماتۆڕسكیل بەراورد بە رووداوەكانی تر مەترسیدارترینن و رێژەیەكی زۆریان یەكسەر دەچنە حاڵەتی بێهۆشیەوە و دەنێردرێن بۆ یەكەی چاودێری چڕ و زۆربەیان گیان لە دەست دەدەن.