وه‌زاره‌تی ناوخۆی بڕیارى دا
ده‌ست به‌سه‌ر ماتۆڕسكیله بێزاركه‌ره‌كان بگیرێت و ئه‌وانه‌ى دلیڤه‌ریش پابه‌ند بكرێن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
لیژنه‌ی باڵای په‌ره‌پێدانی هاتوچۆ له هه‌رێم ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد له‌وانه‌ش ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ماتۆڕسكیلانه ده‌گیرێت كه هاوڵاتیان هه‌راسان ده‌كه‌ن و كۆمپانیاكانی گه‌یاندنی خواردنیش پابه‌ند ده‌كرێن به هێنانی ماتۆڕی كاره‌بایی.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆ، له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا چۆنیه‌تى جێبه‌جێكردنی یاسا و رێنماییه‌كانی هاتوچۆ و سه‌لامه‌تی رێگاوبان به‌سه‌ر شوفێران تاووتوێ كراوه.
لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ ئه‌و شۆفێرانه‌ی سه‌ركێشی ده‌كه‌ن و پابه‌ندی پاراستنی مافه‌كانی به‌كارهێنه‌رانی شه‌قام نابن.
باسیان له‌وه‌شكردووه، كه رێكه‌وتن كراوه له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی گه‌یاندنی خواردن كه ده‌ست بكه‌ن به تۆماركردنی ماتۆڕسكیله‌كانیان له به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هاتوچۆ و هێنانی ماتۆڕی بێده‌نگ و كاره‌بایی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژاوه‌ژاو كه بونه‌ته هۆی بێزاركردنی هاوڵاتیان.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانى هاتوچۆی له پارێزگا و ئیداره‌كان راسپێردران كه ده‌ستبگرن به‌سه‌ر هه‌ر ماتۆڕسكیلێك كه ده‌ستكاری ده‌نگی كردوه و خه‌ڵك هه‌راسان ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌و ماتۆڕسوارانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان نمایش ده‌كه‌ن و سه‌ركێشی ده‌كه‌ن، هه‌ر ماتۆڕسكیلێك تۆماركراو نه‌بێت و تابلۆی نه‌بێت، ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت.
داواش له هاوڵاتیان كراوه، هه‌ماهه‌نگ بن و هاوكاری حكومه‌ت بن له كۆنتڕۆڵكردنی دیارده‌ی ماتۆڕسكیلی بێ سه‌ره‌تا و ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی دروستی ده‌كه‌ن له رێی تۆماركردنی ماتۆڕه‌كانیان و به‌كارنه‌هێنانی ماتۆڕی بێ سه‌ره‌تا.