رۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی وا ده‌ڵێت
توركیا به‌نیاز نییه بەم زووانە له هه‌رێمی كوردستان بكشێته‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
رۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی ده‌ڵێت، توركیا به‌نیاز نییه له‌ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان هێزه‌كان بكشێنێته‌وه بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین سه‌رچاوه‌ى ئاشكرا و تایبه‌تى له راپۆرتێكدا به‌كارهێناوه و بڵاویكردووه‌ته‌وه.
رۆژنامەی (العربی جدید) ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه، توركیا نه‌ك به‌نیازى كشانه‌وه نییه به‌ڵكو هیچ خواست و نیتپاكییه‌كیشی لێنابیندرێت له كه‌مكردنه‌وه‌ى هێزه‌كانى له‌و ناوچانه‌ى هه‌رێم كه ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه لێی جێگیربووه، له‌كاتێكدا پارتی کرێکارانی کوردستان بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتایی هێنان بە شێوازی خەباتی چەکداریی داوە.
هەفتەی رابردوو، پارتی کرێکارانی کوردستان، له کۆنگرەی 12ـەمینی خۆیدا، پابه‌ندی بانگه‌وازه‌كه‌ى عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان بوو و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەى دا‌و کۆتایی بە شێوازی خەباتی چەکداریی هێنا.
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) گومانى له هه‌ڵوێسته سه‌ربازییه‌كانى توركیا هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كه‌ى په‌كه‌كه كه‌له كۆنگره‌ى 12 داویه‌تى و ده‌ڵێت، تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی گەریلا بەردەوامە، گەمارۆی پەکەکە و ئەشکەوت و تونێلەکانی داوە، مەودای نێوان سەرباز و گەریلا 50 مەتر بۆ 100 مەترە، لە دۆخێکی وادا چۆن دەبێت چەک دابنێت.
زاگرۆس بڕوایه‌كی بۆ دروستبووه كه پێش ئەوەی باسی دانانی چەک بکرێت، پێویستە باسی پاشەکشەی سوپای تورکیا بکرێت لەسەر خاکی باشوری کوردستان.
تورکیا 80 بنکەی سەربازی و زیاتر لە پێنج هه‌زار سەربازی لەناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە و لە کۆتایی ساڵی رابردووش دەستپێکردنی پرۆسە نوێیەکەی ئاشتی لە تورکیا، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هەڵوێستی تورکیا و کردەوە سەربازییەکانیدا نەهاتووە.
عەلاوی ئەلبەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری له په‌رله‌مانى عێراق، وایده‌بینێت كه دوای راگەیاندنەکەی پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی سوپای تورکیا لە خاکی عێراق نەماوە.
ده‌شڵێت “پێویسته ئەنقەرە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دەست بە پلانی کشانەوەی سەربازەکانی بکات هەرچەندە پێشبینی ناکەین ئه‌مه لەم ماوەیەدا رووبدات”.
به‌قسه‌ى ئه‌لبه‌نداوى، بەغداد هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ کشانەوەی سوپای تورکیا لە خاکەکەی، یەکێک لەو پرسانەی کە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دوایین سەردانی بۆ ئەنقەرە جەختی لەسەر کردوەتەوە کشانەوەی سوپای تورکیا بووە لە خاکی عێراق.
بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەخاکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1984، بەتایبەتی لە زنجیرە چیاکانی قەندیل و سێگۆشەی سنوریی نێوان عێراق – ئێران و تورکیا، دوای ساڵی 1991 بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە زۆر زیاتر کرد، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنەوەی شەڕو پێکدادانەکانیان لەگەڵ سوپای تورکیا، لەئێستادا پەکەکە جگە لە قەندیل، لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی سیدەکان، سۆران، زاپ، زاخۆ، ئامێدی، کانی ماسی، هەفتانین، گارا، مەتینا و چەندین ناوچەی دیکە بارەگا و چالاکیی سەربازیی هەیە.