پۆستى بەوەکالەت

تەندروستى راپەڕین کێشەى هەیە

964+

وریا فەتاح

نزیکەى ساڵێکە، تەندروستى راپەڕین بەبێ بەڕێوەبەرى گشتییە، دیارینەکردنى کەسێک بۆ ئەو پۆستە، کێشەى بۆ تەندروستى راپەڕین دروستکردووە.

رۆژى 25.9.2024، دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تەندروستیی راپەڕین لە پۆستەکەى نەماو و مۆڵەتى کرد، دواتر لە جێگاکەى دکتۆر سەفەر حەسەن، بە وەکالەت شوێنەکەى گرتەوە.

بەپێى بەدواداچوونێکى 964، لەبەر ئەوەى پۆستى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى راپەڕین بە وەکالەتە، کەرتى تەندروستى سنوورەکە بەردەوام گرفتى بۆ دروست دەبێت، چونکە بەڕێوەبەرى بەوەکالەت چەند جارێک وەکالەتەکەى بە درەنگییەوە بۆ نوێکراوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە تەندروستى راپەڕین بۆ 964 باسى لەوەکرد، بەڕێوەبەرى بەوەکابەت تەنیا کارڕایى کردنى ناوخۆییە و هیچ گۆڕانکارییەکى لە تەندروستى راپەڕین لەلاى وەزارەتى تەندروستى رایى ناکرێت و پاساوەکەش ئەوەیە کە پێویستى بە واژۆى بەڕێوەبەرە.

“کێشەى تەندەرات و دەرمان و گواستنەوەى فەرمانبەرا، بەشێک لەو کێشانەن کە بەهۆى نەبوونى بەڕێوەبەرى گشتى توشى تەندروستى راپەڕین بووە”، سەرچاوەکە واى وت. بەڵام هیوا قەرەنى سەرپەرشتیارى ئیدارەى راپەڕین بۆ 964 رەتى دەکاتەوە کە هیچ کێشەیەک بۆ تەندروستى راپەڕین دروست بووبێت.

بە وتەى سەرپەرشتیارى ئیدارەى راپەڕین، بەهۆى ئەوەى بەڕێوەبەرى پێشوو مۆڵەتە، سێ مانگ جارێک دەبێت مۆڵەتەکە نوێبکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەت وەکالەتى دکتۆر سەفەر نوێ بکاتەوە، بەڵام بەڕێوەبەرى گشتى بەوەکالەت ئیشەکانى خۆى بەتەواوەتى راپەڕاندووە.

964 قسەى لەگەڵ دکتۆر دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى راپەڕین (مۆڵەتدراو)کرد، لێى پرسى دەستتلەکارکێشاوەتەوە یان مۆڵەتى و بەنیازى گەڕانەوەى؟، ئەو لە وەڵامدا وتى،”هەموو شتێک تەواو بووە و بەنیازى گەڕانەوە نیم پێم خۆشە گۆڕانکارى بکرێت و کەسێک دابنرێت، بەڵام بڕیار بەدەستى من نییە، چونکە ئەوە پشکى حزبە و کاک قوباد لێى بەرپرسە، مەسەلەى گەڕانەوە و نەگەڕانەوە بەدەست من نییە، ئەوان چیان پێ باش بێت ئێمە ئەوە جێبەجێ دەکەین، چونکە ئەوە پۆستى یەکێتییە”.

هەرچى سەرپەرشتیارى ئیدارەى راپەڕینە، لەبارەى گەڕانەوەى بەڕێوەبەرى تەندروستى راپەڕین (مۆڵەت پێدراو) وتى،”بەڕێوەبەرى مۆڵەتپێدرا و بەرنامەى هاتنەوەى نییە”.

دکتۆر دیار لە بارەى ئەوەى کە گوایە سەرەڕاى مۆڵەتبوونى، بەڵام چەند نوسراوێکى واژۆ کردووە بە 964ـى وت،”شتى وا نییە، لە 25.9.2024ـەوە هیچ واژۆیەکم نەکردووە”.

هیواش دەخوازێت بە زوویى ئەو پرسە یەکلایى بکرێتەوە، کەسێک وەک بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى راپەڕین دەستبەکاربێت بۆ ئەوەى خزمەت بە تەندروستى سنوورەکە بکات.

پێشى وایە، بەڕێوەبەرى بەوەکالەت لەبەر ئەوەى دڵنیا نییە، ناتوانێت بەباشى سەرنجى لەسەر ئیشەکان بێت، بەڵام ئەگەر بکرێت بە فەرمى، ئەوت پلان و بەرنامەى خۆى بۆ کەرتى تەندروستى سنوورەکە جێبەجێ دەکات.

964 لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى و بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى راپەڕینى بەوەکالەت قسەى کرد، بەڵام قسەیان لەبارەیەوە نەکرد.

خۆبەخشانى تەندروستى راپەڕین بەردەوامن لە گردبوونەوە

خۆبەخشانى تەندروستى راپەڕین بەردەوامن لە گردبوونەوە