مینەکان ئەمساڵ دۆزراونەتەوە

دەنگە بەرزەکەی ناحیەی گەڵاڵە تەقاندنەوەی شەش هەزار مین بوو

ژووری هەواڵ

ئەمڕۆ لە سنووری ناحیەی گەڵاڵەی قەزای چۆمان دەنگێکی بەرز بیستراوە، دەزگای مینیش دەڵێت، ئەو دەنگە ئەوان بوون و پاشماوەی جەنگییان تەقاندووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 18.5.2025، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە هەولێر رایگەیاند، زیاتر لە شەش هەزار مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگیان بردووەتە چیای بەردەبووک لە ناحیەی گەڵاڵە و لەوێ بەشێوازێکی کۆنترۆڵکراو لەناویانبردووە.

جەبار مستەفا، بەڕێوەبەری دەزگای مین بە 964ـی راگەیاند، تەقەمەنی و مینەکان شەش هەزار و 430 دانە بوون و هەموویان لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵ لە سنووری قەزای چۆمان دۆزراونەتەوە.

سێ رۆژ بەر لە ئێستاش، لە کێڵگەمینی مەحمودخان لە گوندی قڕگەی سەربە شارەدێی تانجەرۆ، ژمارەیەک مین و پاشماوەی جەنگی لەنێوبران.