نۆرەی وەرگرتنی موچ لە هەرێمی كوردستان .وێنە :964
شارەزایەک وەڵام دەداتەوە
ئایا عێراق كێشەی دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی بۆ دروست دەبێت؟
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەزایەكی ئابووری لە عێراق دەڵێت لە ساڵی نوێدا حكومەتی عێراق كێشەی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی بۆ دروست دەبێت، پێشبینیی ئەوەش دەكات نرخی نەوت زۆر دابەزێت.
نەبیل مەرسومی، شارەزایەكی ئابوورییە لە عێراق و بۆ یەكێك لە كەناڵە عێراقییەكان قسەی كردووە و 964 بینیویەتی، كە تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، ئەگەری زۆرە قەیرانی نەختینەیی و دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە ماوەی ساڵی نوێدا دروست ببێت، ئەمەش لە ئەنجامی دابەزینی پێشبینیکراوی نرخی نەوت و کاردانەوەکانی لەسەر داهاتی گشتی عێراق، لەگەڵ هاتنەسەركاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكاش، كە هەوڵی کەمکردنەوەی نرخی وزە بە رێژەی 50% بۆ ساڵی 2025 دەدات.
مەرسومی جەختیشی لەوەش کردووەتەوە، تاکە چارەسەری خێرا لەبەردەستی حکومەتی عێراق بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە هەنگاونانە بەرەو قەرزکردنی ناوخۆیی و خستنەڕووی سەنەدە حكومییەكانە، هەرچەندە ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر ژێرخانی ئابووری عێراق دەبێت.
نەبیل مەرسومی دەڵێت: وەزارەتی دارایی عێراق ئێستا رووبەڕووی كێشەی دابینكردنی پارە بۆ موچەی فەرمانبەران بووەتە، ئەمەش بەهۆی كەمیی نەختێنەوە، كەواتە لە ساڵی نوێدا كێشەكە گەورەتر دەبێت، بە تایبەتی لە چەند مانگی داهاتوودا.
هەروەها ئاماژە بەوەدەكات، قسەكردن لەسەر دابینكردنی موچەی فەرمانبەران بابەتێكی پیرۆزە، بۆیە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، بە بەڵگەی ئەوەی ئێستا دوادەكەوێت، ئەو دۆخە چەقبەستووەی تووشی ئابووریی عێراق بووە، بەهۆی پشتبەستنە بە شێوەیەكی گشتی لەسەر خەرجیی حكومەت، ئەمەش رەنگدانەوەی لەسەر بەرهەمی ناوخۆیی و جوڵەی بازرگانی دەبێت.
لە هەرێمی كوردستان لەوەتەی ساڵی 2014ـەوە كێشە بۆ موچەی فەرمانبەران دروست بووە و تا ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم، بە دەیان موچە و پاشەكەوتیان لای حكومەتی هەرێم ماوە و هیچ ئاسۆیەكیش بۆ گێڕانەوەی ئەو موچانە نییە، چونكە ئەویش پەیوەستە بە رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە بارەی بودجە و خەرجییەوە.