سندوقی دراوی نێودەوڵەتی

عێراق رووبەڕووی فشاری دارایی توند بۆتەوە

964+

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق باسیان لەوە دەكرد كە بارودۆخی ئابووری و دارایی عێراق باش نییە و وەزارەتی دارایی رەتیكردەوە، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی دووپاتیكردەوە كە مەترسی لەسەر سەقامگیری ئابووری عێراق دروست بووە.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە فەرمی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە پشتبەستنى لە رادەبەدەر بە داهاتی نەوت و بەرزبوونەوەی خەرجییەكان مەترسی لەسەر سەقامگیری ئابووری عێراق دروست كردووه و عێراق رووبەڕووی فشاری دارایی توند بۆتەوە ودابەزینی نرخی نەوت پێویستی بە رێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری.

وتیشی، “دابەزینی نرخی نەوت و فشارە داراییە توندەکان کاریگەرییان لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان هەیە، هەموو ئەم هۆکارانە ئاڵنگاریەكانی ئێستای عێراق گەورەتر دەکەن، ئەمەش پێویستی بە رێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری دارایی و دەرەکی لەم وڵاتەدا”.

داواشیكرد پێویستە عێراق ئەم رێكارانە بگرێتە بەر كە بریتین لە کۆنتڕۆڵکردنی کورتهێنانی دارایی گشتی بە کۆکردنەوەی داهاتی باجی نا نەوتی، سنووردارکردنی پڕۆژە یاسای کرێی گشتی، تەواوکردنی داڕشتنەوەی هەیكەلی بانکەكانی دەوڵەت  و پێشخستنی گەشەی کەرتی تایبەت.