ئەندازیارێکى کارەبا وا دەڵێت

“کارەباى 24 کاتژمێریى بارگرانى لەسەر هاوڵاتیان دروست دەکات”

964+

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان بە فەرمی نرخی كارەبای 24 كاتژمێری دیاریكرد، ئەوەش هەڵایەكی گەورەی ناوەتەوە و هەندێک پێیان وایە گونجاوە و بەشەکەى تر دەڵێن نرخەکە زۆرە، پسپۆرێكی بواری كارەبا لە رێگەی 964ـەوە ئاشكرای كرد بڕیارەكەی وەزارەتی كارەبا بارگرانییەكی قورس دەخاتە سەرشانی هاوڵاتیانی هەرێم.

يوسف شوانى شارەزا لە بواری ئەندازیاری كارەبا و ئەندازیاری راوێژكار لە سەندیكای ئەندازیارانی عێراق تایبەت قسەی بۆ 964 كرد و وتی،”ئەو نرخەی لە هەرێمی كوردستان بۆ كارەبا دیاریكراوە زۆر زۆرە و بە هیچ پێوەرێکی زانستی و ئابووری لێكدانەوەی بۆ نەكراوە”.

دەشڵێت، “من وەک ئەندازیارێکی کارەبا و راوێژکار و خاوەن ئەزموونێکی زیاتر لە 27  ساڵ کارکردن لە بواری کارەبا، ئەم نرخە رەتدەکەمەوە و بە گونجاوی نازانم”.

تێبینیەكانی یوسف شوانی لەم خاڵانەدا خۆی دەبینێتەوە:

-بارودۆخی ئابووری خەڵک بەگشتی و فەرمانبەران بەتایبەتی لەبەرچاو نەگیراوە.

-هەر بڕیارێک دەدرێت دەبێت بیر لە بەردەوامی و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی بکرێتەوە، ئەم بڕیارەش بارى هاوڵاتیان قورستر ئەکات لەم کاتە ناسکە.

– ئەم نرخە بەراورد بە داهاتی مانگانەی هاوڵاتیانی هەرێم بە گشتی ناگونجێت.

-بەدیلی باشتر هەیە بۆ چاکسازی لە کەرتی کارەبا بەبێ بارگرانی زیاتر لەسەر هاوڵاتیان.

-پێشنیاز دەکەم لیژنەیەکی پسپۆڕی سەربەخۆ پێکبهێنرێت بۆ دانانی ستراتیژیەتێکی نیشتمانی بۆ کەرتی وزە کە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان لەبەرچاو بگرێت.

ئاشکراشى کرد بە پێی پسپۆری خۆى لە بواری کارەبادا، بۆى دەرکەوتووە کە هیچ ماڵێک لە کوردستان لە 2000KWh  کەمتر سەرف ناکات، بەوپێیەش هەر ماڵێک 300 هەزارى بۆ دێتەوە

نرخی مانگانەی كارەبا بەپێی لێكدانەوەی یوسف شوانی:

400 * 72 ‎ = 28,800

400* 108 ‎ = 43,200

400* 175‎ = 70,000

400 * 265‎ = 106,000

400 * 350 ‎ = 140,000

کۆی گشتی = 388000 دینار

ئەگەر  3000Kwh  سەرف بكەیت ئەوا پارەی مانگانەكەت ئەگاتە :

350 * 1000 ‎ = 350,000

ئەگەر زیاتر سەرف بكەیت ئەگاتە:

350000+ 388000‎ = 738,000

“کارەباى 24 کاتژمێریى بارگرانى لەسەر هاوڵاتیان دروست دەکات”