964 بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە كردووە

نرخی ئاویش هاوشێوەی كارەبا بۆی هەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت

964+

محەمەد فاتیح

دوای ئەوەی كەرتی كارەبای هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری گەورەی بە خۆوە بینی و پڕۆژەی رووناكی نیشتمانی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری جێبەجێكرا و نرخەكەشی دیاریكرا، 964 بەدواداچونی بۆ كەرتی ئاو كرد و بۆی دەركەوتووە، بۆی هەیە هاوشێوەی كەرتی كارەبا گۆڕانكاری بەسەردابێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم، دوای ئەوەی دەستخۆشی لێكردین بۆ بیرۆكە و بەدواداچوونەكەمان بە 964ـی وت، “ئێمە لە ساڵی 2018وە نرخی ئاومان گۆڕیوە و لە ساڵی 2021یش دەستكاریمان كردووە”.

سەبارەت بە گۆڕانكاری لە كەرتی ئاو لە هەرێمی كوردستان و دانانی نرخی نوێ‌ هاوشێوەی كەرتی كارەبا، ئاری ئەحمەد دەڵێت، “بە گوێرەی پێویست و توانای هاوڵاتیان و بە رەچاوگرتنی بارودۆخی ئابووری گشتی، دەكرێت گۆڕانكاری لە كەرتی ئاویشدا بكرێت و دەستكاری نرخەكەی بكرێت، بەڵام تا ئێستا بە پێویستمان نەزانیوە لەبەر ئەوە هیچ گۆڕانكارییەكمان نەكردووە”.

دوێنێ‌ چوارشەممە 14.5.2025 ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ پڕۆژەی رووناکی و نرخی نوێی کارەبای پەسەندکرد و نرخەکان بۆ ماڵان بە شێوەیەک دانراون کەوا تا چەند کەمتر کارەبا بەکاربهێنیت، کەمتر پارە دەدەیت و هاوڵاتی بە تەواوی بەرپرسیارە لە بڕی بەکارهێنانی کارەباکەی، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پڕۆژەكە رەخنەی لێدەگیرێت و رووبەڕووی ناڕەزایی بەشێك لە هاوڵاتیان بووەتەوە.