ماهیر حەسەن وادەڵێت
“من لەسەر جوهد و حسابی خۆم ئیش ئەکەم”
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
دڵی ماهیر حەسەن خەبەری دابوو، بەڵام لە پێشوازیەکەی نیگەرانە و گەردنی ئەوانەش ئازاد دەکات کە پیرۆزباییان لێنەکردووە و دەشڵێت، ئیشەکانمان بە چاوی هونەرییەوە سەیر دەکرێت نەک بە برادەرایەتی.
رەنگە ئێمە تەنیا بە دیمەن و رۆڵە کۆمییدیەکانی بیناسینەوە، بەڵام ئەو هەر رۆڵێک ببینێ دەبێتە پاڵەوانی راستەقینەی چیرۆکەکە، ژان ناوی ئەو فیلمە بوو کە ماهیر حەسەن تێیدا رۆڵی باوکی کچێکی بیرکۆڵی دەگێڕا کە رووبەرووی دەست درێژی سێکسی ببوووەوە، دوای چەند ساڵێک لە بەرهەمهێنانی لە فێستیڤاڵی نیشتمانی فیلمی کورت لە شاری رەشت لە ئێران، خەڵاتی باشترین ئەکتەری بردەوە.
ماهیر حەسەن دەربارەی خەڵاتەکەی وتی، دڵم خەبەری دابوو، بەڵام تا نەچیتە فێستیڤاڵەکە نازانیت، سوپاسی ئەحمەد جۆڵا و سەرۆکی هەرێم و هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەم پیرۆزباییان لێکردم، گەردنی ئەوانەش ئازادبێت کە پیرۆزباییان لێنەکردم.
وادیارە پێشوازیەکەی زۆر بە دڵ نەبووە و نیگەرانە، باس لەوەشدەکات لەسەر حساب و جوهدی خۆی ئیش دەکات نەک برادەرایەتی و ئیشەکانی لە دەرەوە بە چاوی هونەرییەوە سەیردەکرێت.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح