هێشتا بە تەواوی کۆنتڕۆڵ نەکراوە

ئاگرەكەی ناحیەی شەمامک زیانی ملیۆن و نیوێک دۆلاری هەبوو

ئەحمەد شەمزین -هەولێر

خاوەنی ئەو كۆگایەی لە گوندی یەدی ڤزلەری ناحیەی شەمامك سووتا، دەڵێت هێشتا ئاگرەكە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ نەكراوە و زیانی ملیۆن و نیوێك دۆلاری هەبووە، باسی ئەوەشی كرد 350 تانكەر ئاو بۆ كوژاندنەوەی هاتوون لەگەڵ تیمەكانی بەرگریی شارستانی.

لە كاتژمێر یەكی شەوی رابردوو ئاگر لە گۆڕەپانێكی گەورە لە گوندی یەدی قزلەری ناحیەی شەمامك لە دەشتی هەولێر كەوتووەتەوە، ئاگرەكە ماوەی 12 كاتژمێرە بەردەوامە، ئەوەی دەسووتێت كەلوپەلی كۆنە و تایە و باتریی و كێبڵە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14.5.2025 محەمەد هاشم خاوەنی ئەم كەلوپەلانە بۆ 964 وتی، “ئێمە ئیشی سیكڕاب دەكەین لەگەل شریكەكەم، ئەو كەلوپەلەی هەڵناوەشێتەوە یان بازاڕی نییە، لەم شوێنەی دادەنێنین، زیانی ئاگرەكەش 150 دەفتەر دۆلارە، ئەوەی سووتاوە 300 تۆن باتری سەیارە 10 تۆن سفر، سێ هەزار و 500 تۆن سكڕاب تواوەتەوە لەگەڵ گەرمیی ئاگرەكە”.

وتیشی، داواكارم لایەنە ئەمنییەكان هۆكاری ئاگرەكە ئاشكرا بكەن و تۆمەتباری كارەكە دەستگیر بكەن، چونكە زیانەكە ئەوەندە زۆرە، هی ئەوە نییە لێی خۆش بین.

هاوكات تەحسین یاسین، كە شەریكی محەمەد هاشمە، بۆ 964 وتی، “ئەم شوێنە باخە یان وەك مەزرەعەیە، ئاسنی زیادمان هەبێت لەوێ دایدەنێین، كە زانیمان ئاگرە دەستبەجێ بەرگریی شارستانیمان ئاگادار كردووە و دەستخۆشیان لێدەكەین زۆر هاوكارمانبوون”.

964 شەوی رابردوو بۆ رووماڵی ئاگرەكە گەیشتە شوێنی رووداوەكە و وێنە و ڤیدیۆی رووداوەكەی گواستەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا