دیمەنی خۆڵبارین لە شاری هەولێر - وێنە: ئەرشیفی 964
بەشێکیان تەندروستیان باشە و چوونەتەوە ماڵەوە
خۆڵبارین لە هەولێر و سلێمانی 53 کەسی ناردووەتە نەخۆشخانە
964+
ژووری هەواڵ
لە شاری سلێمانی بەهۆی شەپۆلی چڕی خۆڵبارین نزیکەی 12 هاوڵاتی تەندروستیان تێکچووە و سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە، لە هەولێریش 41 حاڵەتی تەنگەنەفەسی تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14.5.2025، سامان شێخ لەتیف، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی لە راگەیەندراویکدا وتی، لە دوێنێ سێشەممەوە تاوەکو کاتژمێر 9:00ـی بەیانی ئەمڕۆ نزیکەی 12 هاوڵاتی بەهۆی کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەکانیان کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر.
“دوای ئەنجامدانی رێکارە تەندروستییەکان، بەشێک لەو هاوڵاتیانە باری تەندروستیان باش بوەتەوە چوونەتەوە ماڵەوە”، وتەبێژی تەندروستیی سلێمانی وا دەڵێت.
لە هەولێریش بەهۆی هەناسەتەنگی، 41 هاوڵاتی سەردانی هەر نەخۆشخانەیان کردووە و دوای چارەسەری پێویست رێنمایی خۆپاپێزی لەلایەن پزیشکی ئێشکگر، رەوانەی ماڵەوە کراون.
لە کەرکوکیش تاوەکو ئێستا خۆڵبارین نزیکەی 130 کەسی گەیاندووەتە نەخۆشخانە و تیمەکانی تەندروستیش لەناو شار و قەزاکان بڵاوەیان پێکرا.