هاوڵاتییانی سووریا لەدوای هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا ئاهەنگ دەگێڕن. فۆتۆ: رۆیتەرز
ترەمپ سزاکانی هەڵگرت
هەڵگرتنی سزاکان چی لە سووریا دەگۆڕێت؟
964+
ژووری هەواڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سعودیەوە ئاشکرایکرد، سزاکانی سەر سووریا هەڵدەگرێت و دەرفەتێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە بە سەرکردایەتیی نوێى دیمەشق دەدات، بڕیارە ئەمڕۆش چاوی بە ئەحمەد شەرع بکەوێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە ریاز وتی، شازادەی جێنشینی سعودیە و سەرۆککۆماری تورکیا و چەندین هاوپەیمانی دیکەیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوایان کردووە سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرن، “فەرمان دەکەم بە کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سووریا بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان پێبدەم.”
سەرۆکی ئەمریکا زیاتر وتی، ئومێدەوارین ئەو حکومەتەی کە ئێستا لە سووریا هەیە “سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لە سەقامگیرکردنی وڵاتەکە و پاراستنی ئاشتییەکەی”، چونکە خەڵکی سووریا لە چەندین ساڵی رابردوودا مەینەتیی زۆریان چەشتووە.
هەڵگرتنی سزاکان چی لە سووریا دەگۆڕێت
- سنووردارکردنی هەناردە و هاوردەی کەرتی وزەی سووریا کۆتایی دێت.
- سزاکانی ئەمریکا بۆسەر بانک و دامەزراوە دارییەکانی سووریا لادەبرێن و بەشێک لە حەواڵەی نێودەوڵەتی دەستپێدەکاتەوە.
- قەدەغەی فرۆشتنی چەک و کەلوپەلی سەربازی بە سووریا لادەبرێت.
- سزاکانی سەر هێڵی ئاسمانی و پیشەسازیی گواستنەوەی دەریایی لادەبرێن.
- سنووردارکردنی هاوردەکردنی کەلوپەلی تەکنەلۆژیا و پەیوەندییەکان کۆتایی دێت.
بەهۆی ئەو رۆڵە ناوەندییەی ئەمریکا لە سیستەمی دارایی جیهانیدا دەیگێڕێت، هەڵگرتنی سزاکان نیشانەیەکە بۆ جیهان کە دەتوانێت بازرگانی لە سووریا بکات.
ئەمریکا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە لە سەردەمی رژێمی پێشووی ئەسەددا چەندین سزای بەسەر سووریادا سەپاند، لە سەرەتادا لە ساڵی 1979 سووریای بە “سپۆنسەری دەوڵەتی تیرۆر” دەستنیشان کرد، ئەمەش بووە هۆی سەپاندنی گەمارۆی چەک و سنووردارکردنی دارایی، لەوانەش هاوکاری دەرەکی.
سزای زیاتر لە ساڵی 2004ـدا سەپێندرا، لەوانە سنووردارکردنی زیاتری هەناردەکردنی چەک و سنووردارکردنی ئالوگۆڕی بازرگانیی سووریا لەگەڵ ئەمریکا.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی ناوخۆ لە سووریا دەستیپێکرد و رژێمی ئەسەد دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر خۆپیشاندەرانی مەدەنی ئەوانەی دژی حکومەت بوون، چەندین سزای دیکەی بەرفراوان بەسەر سووریا و کەسانی پەیوەست بە رژێمەوە سەپێنران. ئەمەش بریتی بوو لە بلۆککردنی سەروەت و سامانی حکومەتی سوریا کە لە دەرەوەی وڵاتدا هەڵگیرابوون، قەدەغەکردنی وەبەرهێنانی ئەمریکا لە سووریا و سنووردارکردنی هاوردەکردنی نەوت.
هەروەها ئەمریکا پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دەستگیرکردنی سەرکردەی ئێستای سووریا، ئەحمەد شەرع راگەیاندبوو، هەروەها دەستەی تەحریر شامی بە “رێکخراوی تیرۆریستی بیانی” ناساندبوو.