فڕۆکەی سوتەمەنی هەڵگری ئەمریکی - US Air Force KC-135
لە سعودیە
ئێران پێنج فڕۆکەی سوتەمەنی هەڵگری ئەمریکا بەئامانج گرتووە
ئەحمەد مستەفا
میدیاکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ شەممە 14.3.2026، لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکە دانیان بەوەدا ناوە کە لە ماوەی هەفتەی رابردوو، پێنج لە فڕۆکە سوتەمەنی هەلگرەکانی KC-135ی ئەو وڵاتە لە سعودیە زیانیان بەرکەوتووە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، پێنج فڕۆکەی سوتەمەنی هێزی ئاسمانی ئەمریکای لەسەر زەوی لە بنکەی ئاسمانی شازادە سوڵتانی سعودیە لێیان دراوە و زیانیان پێگەیەندراوە، ئەوەش بە درۆن وو موشەکی ئێرانی کە ئاڕاستەی بنکەکە کراوە.
رۆژنامەکە نووسیویەتی، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنێکی گەورە لە ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە ئەمریکا و ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی ئێران تێیدا بەشدارن.
یەکێک لە بەرپرسانی سەربازی ئەمریکی بە رۆژنامەکەی وتووە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە کاتی کۆبوونەوەیەکی فڕۆکەکان بە ئامانج گیراون، زیانیان پێگەیشتووە بەڵام بە تەواوی لەناونەچوون و ئێستا نۆژەن دەکرێنەوە.
ئەوە لە کاتێکدا، دوێنی هەینی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا “سێنتکۆم”، لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، فڕۆکەیەکی سووتەمەنی هەڵگری KC-135مان لە عێراق کەوتووەتەە خوارەوە.