له‌گه‌ڵ موچه‌ى مانگى ئایار
زیاتر له 2000 خانەنشینى هه‌رێم موچەى پێنج مانگ وه‌رده‌گرن
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بڕیاره له‌گه‌ڵ موچه‌ى مانگى ئایار زیاتر له دوو هه‌زار خانه‌نشین موچه‌ى پێنج مانگ به‌سه‌ریه‌كه‌وه وه‌ربگرن، كه ئه‌م خانه‌نشینانه له كۆى زیاتر له‌و 10 هەزار خانەنشینه‌یه کە مامەڵەکانیان تەواو کراوە.
وەزارەتى دارایی هه‌رێم، ئه‌مڕۆ سێشەممە بڵاویكرده‌وه كه بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنەنشین لە هەرێمی کوردستان کراوه و بابه‌تى سه‌ره‌كیشیان راییکردنی مامەڵەی خانەنشینان بووه.
وه‌ك ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی باسی كردووه، کاروبارەکانی مامەڵەی خانەنشینان خێراتر کراوە و لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تاوه‌كو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار و 200 مامەڵەی خانەنشیانان تەواو کراون و بۆ موچه‌ى مانگی ئایاریش زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی دیكه ناوەکانیان داخڵی لیستی مووچە دەکرێت و موچەی پێنج مانگیان بۆ خەرج دەکرێت.
داواشى لە وەزارەت و فەرمانگەکان كردووه بە زوویی دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرن که بڕیاری خانەنشینبوونیان بۆ دەرچووە.
رۆژی 15.1.2025، سەرۆكی حكومه‌تى هه‌رێم، به فه‌رمانێك تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ كه‌مكرده‌وه، وەك بەشێك لە پابەندییەكانی حكومەتی هەرێم بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بۆ جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق.