کێ بەرپرسە؟

دارستانە دەستکردەکەی کەلار وشک بووە و خەریکە لەناودەچێت

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

دارستانی دەستکردی ھەژار، دەکەوێتە دەروازەی قەزای کەلار، بەھۆی بێ ئاوییەوە دارەکانی زەرد بوون و بەرەو لەناوچون دەچن، هۆكارەكەشی ئەوەیە كەسی كاری تێدا ناكات و تا ئێستا گرێبەستی كارمەندەكانی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە نوێ نەكراوەتەوە.

دارستانەکە لەسەر رووبەری 300 دۆنم زەوی لە ساڵی 2013 دروستکراوە، نزیکەی 26 ھەزار داری جیاوازی تێدایە.

رەشید بەکر، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی گەرمیان بە 964ى وت، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە دارستانەکە ئاو نەدراوە و خزمەت نەکراوە، دارستانەکە بەرەو لەناوچون دەچێت”.

“فەرمانبەرەکانی دارستانەکە گرێبەستەکانیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە نوێ نەکراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە خزمەت بە دارستانەکە نەکرێت و بەشێکی زۆر لە دارەکانی زەرد و وشک بوونە”، رەشید بەکر وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد،”ئەگەر گرێبەستی ئەو فەرمانبەرانە تازە نەکرێتەوە، دارستانەکە بەتەواوی لەناو دەچێت”.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا