پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە!! دوای ئەمە چی؟
هێزێک پەلی بە هەر چوارلادا داکوتاوە، هەڵکەندنی وا ئاسان نابێت
+964
ژووری هەواڵ
پارتی کرێکارانی کوردستان لە کۆنگرەی دوانزەهەمی خۆیدا بڕیاریدا، ئیتر هەموو چالاکییەکی چەکداری لە ژێر ناوی ئەو پارتە کۆتایی پێدێت و خۆی هەڵوەشاندەوە.
پارتی کرێکاران تەنیا هێزێکی سیاسی و چەکداری ئاسایی نییە، رایەڵ و تەونەکانی سنووریان بڕیوەو رۆچوونەتە ناو عێراق و سوریاو ئێران و تورکیاوە، لەولاشەوە سەر دەکێشێت بۆ ئەوروپا، لە هەرێمی کوردستان پەلی لە چیاکانی قەندیل و مەتین و گاراو ئاڤاشین و هەفتانین داکوتاوە، لە ناوچەگەلێک کە بەدرێژایی مێژوو هیچ کام لە رژێمەکانی عێراق تیایدا باڵادەست نەبوون، زۆرجار ئەو ناوچانە شوێنی رووبەرووبوونەوەی مەفرەزەکانی پێشمەرگەو هێزە سەربازییەکانی عێراق بووە.
پرسیاری هەرە گرنگ ئەوەیە: چۆن پەکەکە ئەو ناوچانە چۆڵ دەکات؟ ئاخۆ گەریلاکان دەکشێنەوە بۆ ناو شارەکانی هەرێم و خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەکانی کوردستان دەکەن؟ یان حکومەتی بەغدا؟ یاخود هێزە ئەمریکییەکان.
ئەم پرسیارە رامان دەکێشێت بۆ خاڵێکی دیکەی هەستیار کە پەیوەستە بەو 138 بنکەیەی تورکیا لە ناو خاکی هەرێم و عێراق دایکوتاوە بە بیانووی شوێنکەوتنی پەکەکە.
بوونی پەکەکە لە قەندیل گرێدراوبوو بە لێکتێگەیشتنی وڵاتانی ناوچەکەوە، ئێران بە شێوەیەکی رانەگەیەندراو هەندێ کارئاسانی بۆ گەریلاکان دەکرد، لەبەرامبەردا پەکەکەش چالاکی باڵە سەربازییەکی ئێران (پژاک)ی پەکخستووەو لە ناو ئێراندا هیچ جموجۆڵێکی نییە.
بەشێکی گرنگی ئەم سازانە لە سەرەتاوە مام جەلال سەرۆک کۆماری پێشووتری عێراق دەستی تێیدا هەبوو، رژێمەکەی ئەسەدیش تیایدا بەشداربوو، بەپێی ئەو رێککەوتنە ساڵی 2011 هێزەکانی سورییا ناوچە کوردییەکانیان بۆ پەیەدە جێدەهێشت.
جا هەر لەو کاتەوە سوپای پاسداران دەست لە لێدان لە هێزەکانی پژاک دەپارێزێت، بەڵام ناوە ناوە گورزی خۆی لە هێزەکانی دیکەی کوردستانی رۆژەهەڵات دەوەشێنێت (کۆمەڵە و دیموکرات).
ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە سوریا پەیەدە ناوچەکانی باکورو خۆرهەڵاتی سوریا بەڕێوەدەبەن، باڵە سەربازییەکەی ئەم هێزەش یەپەگەو یەپەژەن کە دواتر هەر خۆیان بوونە بناغەی دروستکردنی هەسەدە، ئەمانە رۆڵی هەرە سەرەکییان هەبوو لە تێکشکاندنی داعش لە ساڵی 2014و لە دوای ئەوەش بوونە هاوپەیمان و دۆستی نزیکی هێزەکانی ئەمریکا.
ماوەیەکی زۆرە مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەیەوێت خۆی لە پەکەکە بەدووربگرێت و دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دروست بکات، بەڵام ئەو هەوڵانە بێ بەرهەم دەمانەوە تا ئەو دەمەی ئۆجەلان پرۆسەی ئاشتی راگەیاندو رێگەی گەیشتن بۆ هەولێرو پیرمام لە رێی عەبدیدا کرایەوە.
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رەنگە لە بەرژەوەندی مەزڵوم عەبدی بێت، لە بارێکدا ئەگەر خۆی لە هێزەکانی پەیەدە داببڕێت، رۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەمە روون دەبێتەوە.
هەرچی پەیوەستە بە تورکیاوە کارەکە ئاسانترە، ئۆجەلان ئێستاش کە لەزینداندایە کەسی یەکەم و قسە رۆیشتووی ناو پەکەکەیە، تەنانەت لە کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەشدا جەمیل بایک و موراد قەرەیڵان و سەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی پەکەکە بەدەم چەپڵە لێدانەوە دروشمی (بژی سەرۆک ئاپۆ)یان دەوتەوە، دۆستە هەرە نزیکەکەی پەکەکەش لەناوخۆی تورکیا دەم پارتییە کە ئەویش ئێستا هێزێکی یاسایی و رێپێدراوی ناو ئەو وڵاتەیەو هەر ئەوانیش بوونەتە رووخساری سیاسی پەکەکە.
لە ئەوروپا پارتی کرێکارانی کوردستان تۆڕێکی گەورەو بەرفراوان و بگرە ئاڵۆزی ئابووری هەیەو سەرمایەی ئەو هێزە بەناوی چەند کەسێکەوەن، لەبەر یەک هەڵوەشاندن و رادەستکردنەوەی ئەمانە ئاسان نییە.
قۆناغی داهاتوو گفتوگۆی چڕ لەسەر ئەوە دەبێت ئاخۆ پرۆسەی خۆ هەڵوەشاندنەوە تا کوێ سەر دەبات و تورکیا تا چەند لەم هەنگاوە رازی دەبێت و کورد وتەنی کەی بەم دوعایە دەڵێ ئامین، قۆناغی یەکلاکەرەوەش کاردەنەوەی تورکیا دەبێت.
ئەگەر قەول بێت ئەنقەرە چەکدارانی پەکەکە وەک ”تاوانباری تۆبەکردوو” بناسێنێت، ئەوا رەنگە پەنا بباتە بەر چارەسەری ئەمنی و رەوانەکردنیان بۆ دادگاکان، بەڵام ئەگەر بڕوای بە رێگەچارەی سیاسی بێت، ئەوا دەرگا بۆ پۆسەیەکی چارەسەری دەکاتەوە، وەک ئەوەی لەنێوان ساڵانی 2013 بۆ 2015 روویدا.
لەبەر ئەوەی تائێستا تورکیا هیچ دەنگی لێوە نەهاتووە، بۆیە نازانرێت ئەنقەرە بە هیوای چییە، بەڵام بێگومان ئەو کاردانەوەیە ئایندەی خۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دیاری دەکات، یا ئەوەتا ململانێکە بە یەکجاری کۆتایی دێت، یاخود پەکەکە لە ژێر ناوی تردا دەست دەکاتەوە بە چالاکی.
بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش پرسیارە وەڵامنەدراوەکە ئەوەیە، ئاخۆ ئایندەی یەکینەکانی پاراستنی شنگال چی دەبێت؟
شنگال دۆسێیەکی پڕ گرێ و ئاڵۆزە، پێکهاتەی دیمۆگرافی و تایبەتمەندی ئەو شارە وادەگات گەیشتن بە چارەسەر لەوێ هەندێ ئاسان نەبێت.