عەشق و پرسە لەسەر دیواری قوتابخانەیەک

+964

عەمار عەزیز-دهۆک

دیواری قوتابخانەیەکی دهۆک لەیەککاتدا لافیتەی پرسە و وێنەی دڵ و شیعری دڵداری تێدا بڵاودەکرێتەوە.

قوتابخانەی بڵندی بنەڕەتی تێکەڵاو، دەکەوێتە گەڕەکی بەرۆشکی لەسەنتەری شاری دهۆک، زیاتر لە 15 ساڵە بەشێک لەدیوارەکەی تایبەت کراوە بە هەڵواسینی لافیتەی پرسە، بەڵام بە تەنیشتیەوە لەسەر پارچە دیوارێکی دیکەی هەمان قوتابخانە، دەیان هێمای دڵ و دڵداری و ژمارە تەلەفۆنی لەسەر نووسراوە.

تۆڕی964، زانیویەتی تائێستا تەنیا یەک کەس لەسەر نووسین لەسەر دیواری قوتابخانەکە دەستگیرکراوە بەڵام دوای چەند رۆژێک ئازاد کراوە، ئیدارەی قوتابخانەکەش بەمەبەستی چاودێری چوار کامێرا لەدەرەوە جێگیر دەکات تابزانن ئەو کەسانە کێن کە نووسینی دڵداری لەسەر دیوارەکەی دەنووسن.

نووسین لەسەر دیوار، کولتوورێکی کۆمەڵایەتییە و لەهەموو شوێنێکی کوردستان بوونی هەیە، بەڵام ئەوەی دیواری قوتابخانەی بڵندی بنەڕەتی تێکەڵاو لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە، بوونی ئەو نووسین و دەستەواژە دڵداریانەیە بەتەنیشت لافیتەی مردوو.

ئەحمەد زوبێر، بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای دهۆک بۆ تۆڕی964 قسەی کردووە و دەڵێ: ئاگادارین کەوا قوتابخانەی بڵندی بنەڕەتی تێکەڵاو لایەکی دیوارەکەی تەرخانکراوە بۆ لافیتەی پرسە، بەڵام لایەکەی دیکەی دیوارەکە دەستەواژەی دڵداری لەسەر دەنووسن، ماوە ماوە دیوارەکە بۆیە دەکەینەوە، بەڵام دیسان لەسەری دەنووسرێتەوە، لەمەدا دەبێت “خەڵک هاوکارمان بن، چونکە ناتوانین هەموو ساڵێک دیوارەکە بۆیە بکەین.

بە قسەی بەرپرسی راگەیاندنی پەروەردەی دهۆک، ئەو دیاردەیە لە دهۆک کەمبووتەوە، بەڵام هێشتا لەهەندێک گەرەکی میللی ماوە.

قوتابخانەی بڵندی بنەرەتی تێکەلاو، ساڵی 1984-1985دروستکراوە و دەکەوێتە سەنتەری شاری دهۆک.

پێداچوونەوەی: فەرمان سادق