30 قوتابی لەقوتابخانە گڕگرتووەکە رزگار کران
+964
زۆسک باڵەک
کەمتر لەکاتژمێرێک لەمەوبەر قوتابخانەیەکی بنەڕەتی لەسنوری قەزای چۆمان گڕیگرت، هەر 30 قوتابییەکەی ناو قوتابخانەکە بەسەلامەتی رزگار کران.
قوتابخانەکە لەگوندی وەسانی سەربە شارەدێی قەسرێیە لەقەزای چۆمان، شایەتحاڵەکان دەڵێن بەهۆی زۆپای نەوتن ژووری بەڕێوەبەرەوە سوتاوە، بەڵام هەر زوو هەموو قوتابییەکان دەرباز کراون و مامۆستاکانیش هاتوونەتە دەرەوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، تەنیا بەشێکی بیناو کەلوپەلەکانی سوتاون.
قوتابخانەکە هەردوو دەوامی بنەڕەتی و ئامادەیی تێدایە، بەڵام کاتی ئاگر کەوتنەوەکە نۆرەی دەوامی بنەڕەتییەکە بووە.
مامۆستا هونەر نەبی مامۆستای مێژووە لەقوتابخانەی وەسان بە +964ی وت ”سۆپای نەوت ئاگری گرتووەو بەوهۆیەوە ژوری بەرێوبەرو مامۆستایان و دواتر ژورەکانی تر سوتاوە، بەڵام هەر زوو فریایی قوتابیان کەوتین”.
مامۆستاکە دەڵێ سەرەتا هەوڵیانداوە خۆیان ئاگرەکە بکوژێننەوە، وەک لە وێنەکاندا دەردەکەوێت مامۆستایەک بە سۆندەی ئاو هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدات، تا دواتر بەرگری شارستانی سۆران بەهانایانەوە چوون.
پەیامنێری +964 ویستی تەواوی وردەکارییەکان لەبەرگری شارستانی سۆران وەربگرێ، بەڵام وتیان جارێ هیچ ناڵێن تا دڵنیا نەبنەوە لەجۆری زیانەکان.