ژمارە 100 دانرابوو

هێڵی گەرمی 115 لە سلێمانی کەوتەوە کار

ژووری هەواڵ

دوای چەند رۆژێک، ئەو کێشەیەی کە لە هێڵی گەرمی 115 هەبوو لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چارەسەر کرا، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، کێشەکە پەیوەندی بە هێڵی ئای کیو هەبوو.

هەفتەی رابردوو، بۆ ماوەی چەند رۆژێک هێڵی گەرمی ژمارە 115 لە سلێمانی لەکارکەوت، بەرگریی شارستانیی سلێمانیش داوای کرد هاونیشتمانیان لەبری ئەوە پەیوەندی بکەن بە ژمارە 100.

سەرچاوەیەک لە هێڵی گەرمی 115 بە 964ـی راگەیاند، هێڵەکە هەفتەی رابردوو بۆ چەند رۆژێک بەهۆی کێشەیەک لە تۆڕی ئینتەرنێتی ئای کیو لەکارکەوت، بەڵام ئێستا کێشەی نییە و کار دەکات.

“هەر کات کێشە لە تۆڕی ئینتەرنێتی ئای کیو دروستببێت، هێڵی گەرمی 115 لەکار دەکەوێت”، ئەو سەرچاوەیە وای وت.

ئەم کێشەیە تەنیا لە پارێزگای سلێمانی بووە، هەر یەک لە بەڕێوەبەرانی بەرگریی شارستانیی سۆران و هەولێر بە 964ـیان راگەیاند، ئەو ژمارەیەک بەبێ کێشە کاری کردووە و لەکارنەکەوتووە.

هێڵی گەرمی 115 بەکاردێت بۆ پەیوەندیکردن بە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی بەرگری شارستانی سلێمانی، پەیوەندیکردن بەو ژمارەیەوە بەخۆڕاییە.