لەم گۆڕستانە وازیان نەهێناوە لە مردوو
لە شۆرش گۆڕ شێکندراوە و پەیامنێری 964 بە بەڕێوەبەری ناحیەکەی وت
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
ئەوەی پەیامنێری 964 بەدوای چووە، دوو هەفتەیە 20 تا 50 گۆڕ لە گۆڕستانی وەسمان غەزالی لە ناحیەی شۆڕش-ی قەزای چەمچەماڵ شکێندراون یان شێوێن دراون، گۆڕستانەکە تائێستا دیوار یان سیاجی نییە.
بە گوێرەی سۆراغی 964 نەک بۆ هاوڵاتی ئاسانە چوونە ناو گۆڕستانەکە، زۆرجار ئاژەڵی تێدا دەهێڵدرێتەوە، لە حاڵێکدا گۆڕستانەکە دەیان گۆڕی تێدایە و تەمەنێکی دێرینی هەیە، ئەوانەی لە بنەچەوە خەڵکی ناحیەی شۆڕشن لەوێ بەخاکسپێردراون و کەسوکاریان سەردانی گۆڕەکانیان دەکەن.
مەلا بێستون، دانیشتوویەکی نزیک گۆڕستانەکەیە ئەو ئەمڕۆ شەممە بە 964ی وت، بەشێک لەگۆڕەکان لەگەڵ شێواندن، شکێندراون، ئێمە خۆمان دانیشتووی نزیک گۆڕستانەکەین، هیچ ساڵێک نەمان بینیوە ئەم کارە قێزەونە بکرێت، دڵنیاشین ئەوانەی ئەم کارەیان کردووە کەسانێکن هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن.
تاوەکو ئێستا بۆ کەس روون نەبووەتەوە کێیە و بەچ ئامانجێک ئەو کارەی کردووە، ئەو هاوڵاتییە وتی، گۆڕستانەکە زۆر بێ ساحێبە، کەس خۆی ناکات بەخاوەنی، زۆربەی کات دەبینین بەشێکی زۆری ئاژەڵەکان بەهۆکاری ئەوەی هیچ سیاجێکی نییە دێنە ناوی، ناڕەحەتی بۆ ئەو کەسانەش دروست کردووە کە دێن بۆ سەردانی ئازیزانیان.
ئەم رووداوەمان گەیاند بە هاوتا عەزیز بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش ئەو بە 964ی وت، رووداوەکە لەئێوە وە دەبیستین، تاوەکو ئێستا هیچ کەس سەبارەت بەو بابەتە نە سکاڵای تۆمارکردووە نە بەڕێوبەرایەتیشمانی ئاگادارکردووەتەوە.
گۆڕستانەکە کە بە دووری دوو کیلۆمەتر دەکەوێتە شوێنی نیشتەجێ بوون، بەڕێوەبەری ناحیەکە وتی، لە بەیانی زووترنیە ئێمە بەدواداچوونی جدی دەکەین، تاوەکو بکەرانی ئەم کارە بدۆزینەوە و رادەستی یاسای بکەین.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا