"بڕیارە 72 سەعاتییەكە هەڵدەوەشێتەوە"

بڕیارێكی حكومەتی عێراق سەدان كرێكاری لە ئیبراهیم خەلیل بێكار كردووە

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بەهۆی بڕیاری حكومەتی عێراق لەبارەی كەرەستەی هاوردەكراو لە توركیا، كە نابێت مەنەفێستەكانیان لە سێ رۆژ زیاتر بمێنێتەوە، ژمارەیەكی زۆری كرێكاران لە سنووری دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بێكار بوون، بەڵام سەرچاوەیەك دەڵێت بڕیارەكە دەگۆڕێت و چاوەڕێ دەكەن كرێكارەكانیش بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.

پێش شەش مانگ واتە 1.10.2024 حکومەتی عێراق بڕیاریدا چیتر کەرەستەی هاوردەکراو ئەوانەی لە تورکیاوە بۆ هەرێم و عیراق دێن، نابێت لە 72 کاتژمێر زیاتر مەنەفێستەکەی بەسەربچێت، ئینجا بۆ پارێزگاکانی عیراق بنێردرێن، ئەمەش ناڕەزایەتیەکی زۆر لای بازرگانانی کورد بەگشتی و زاخۆ بەتایبەتی دروست کرد، تا گەیشتە ئەوەی بازرگانان ناچاربوون کۆگاکەیان لە زاخۆوە بگوازنە موسڵ و پارێزگاکانی دیكەی ناوەڕاستی عێراق.

دوای لێکتێگەیشتنێکی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق، بە شێوەیەکی نافەرمی چاوپوشی لەم بڕیارە دەکرێت ئەوەتا ئەمڕۆ بارهەڵگری 15.4.2025 هاتووە ناو دەروازەی ئیبراهیم خەلیل، ئەمڕۆ بەرەو پارێزگاکانی عێراق رۆیشتووە و رێگای لێ نەگیراوە.

لەتیف ئوسمان، بەرپرسی ژووری بازرگانیی زاخۆ بە 964 وت، چاوپۆشی لەو بڕیارە کراوە، بەڵام بەپێی نووسراوی فەرمی تا ئێستا هیچمان پێنەگەیشتووە، بەڵام زانیاری تایبەتیشم پێگەیشتووە لەم هەفتەیەدا نووسراوێکی فەرمی بۆ ئەم دۆسیە دەبێت و تا رادەیەکی باش کێشەکە چارەسەر دەبێت.

لەتیف وتیشی،  دەرکردنی بڕیاری 72 کاتژمێری گورزێک بەر بازرگانان و خاوەن کۆگاکانی زاخۆ کەوتبوو، هەرچەندە ئێستا رەوانەکردن ئاساییە بەڵام ئەگەر نوسراوی فەرمی گەیشت هەناسەیێک بۆ بازرگانان درەستدەبێت و دووبارە بازرگانی بۆژانەوە لەخۆیەوە دەبینێت.

ئەمە لەکاتێکدایە دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بازرگانانی زاخۆ کۆگاکانیان لە زاخۆ گواستەوە موسڵ، بەمەش ژمارەیەکی زۆری کرێکارەکان بێ کار مانەوە، ئەگەر بڕیارەکەش بە تەواوەتی هەڵوەشێتەوە، ئەوا دووبارە کۆگاکانی بازرگانان لەسەر رێگەی ئیبراهیم خەلیلی نێودەوڵەتییەوە دووبارە پڕ دەبن لە کەرەستەکان و کرێکارەکانیش دەگەڕێنەوە سەر کاری خۆیان.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

زیاتر لە 21 هەزار تۆن کاڵا لە مەرزی ئیبراهیم خەلیل دەستی...

زیاتر لە 21 هەزار تۆن کاڵا لە مەرزی ئیبراهیم خەلیل دەستیان بەسەرداگیراوە